له‌سه‌رهێل 45
سێ‌شه‌مه 4 سه‌رماوه‌ز 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
شەهید حوسەین کەریمی

سەروەری گەل: شەهید حوسەین کەریمی

لە كوردی خۆمان دا دەڵەن هیچ شتێك یەك بە هەزار نیە هەر ئینسانە یەك بە هەزاری هەیە، بەلێ‌ ڕاستە هەر ئینسانە هەزاری هەیە، چونكە هەر ئینسانە بە هۆی خوو ڕەوشت و زانایی و لێهاتوویی و لێبڕاوی بەچەند بەرانبەر دادەنرێت. دەردەكەوێ‌ كە لە مرۆڤدا دا یەك بە هەزار دەبێ‌، كاتێك ورد دەبینەوە لە ناو كۆمەڵەی خۆمان دا دەبینین، هێندێ ئینسان هەن هەوێنی ناو كۆمەڵن، كۆمەڵ بەوان دەمەیێ و بەر لە بزڕكاوی كۆمەڵ دەگرن. بەڵام ئەوەی ئینسانان چاك دەردەخاو نێوەرۆكی مرۆڤ دەخاتە بەرچاو و چاك و خراپ بە چاكی لێك هەڵ دەئاوێرێ‌، كاتی تەنگانەیە. شۆڕش دژوار و تەنگانەیە، ماندویی و برسیەتی و تونیەتی و بێ خەوی و مەترسی كوژران و برینداری و بەدیل گیرانی لەسەر ڕێدایە، بە تایەبەت دووری لە كەس و كارو خانەو لانەو گەڕەك و هەڤاڵ و خۆشەویستی تێدایە، ئەو كەسەی لە هەل و مەرجی شۆڕش دا لێبڕاو و فیداكار و بەچیكەڵدانە و ئازاو لەش سووك و ئەرك بین و ڕووخۆش و زمان خۆش و هاودەنگ و خەمخۆرە، دەركەوێ كە مرۆڤێکی هەڵ كەوتوو جیاواز هێندێ یان بڵەین زۆربەی ئینسانانە. ئەو ئینسانە جیاوازانە لە كاتی ئیسراحەت و تێری و تەسەڵی و ئارامی دا دەرناكەون، بەڵێ‌ ئەو ئینسانانە هەر لە دەروونی خۆیان دا، بەڵام كوا ئاوا دەناسرین تا ڕۆژی تەنگانە نەیێ و ڕۆژی گەرم تا نەیێ، كوا لە بەراور و لە كاتی ئیسراحەت و خۆشی دا جیاوازی دەردەکەوێت؟ لە ڕیزی شۆڕش دا زۆر ئینسان بوون و هەن كە یەك بە هەزار بوون و هەن لە ڕێزی سازمانی خەبات دا، زۆر بوون كە بە خەڵاتی شەهادەتەوە ماڵاواییان لە هاوسەنگەران کرد، کەسانێک كۆڕی شەهیدانی سور خەڵاتیان سەربەرزتر کرد، كە لە هەر بارێكی ئینسانیەوە بیگری یەك بە هەزار بوو ئازایی، لێبوردویی، بە چیكەڵدانەیی، زمان خۆشی و ڕووخۆشی، لەش سووكی، ئارامی لێ‌ هاتویی چالاكی و ژیری و بەهۆشی و لە هەموو خوو ڕەوەشت و كردەوەیەك دا دەبێ، بە یەك بە هەزار بناسرێ‌، لاوێكی كە ئاوا شیاوی ستایشی ناوچەكیە، كاك حوسەین كەریمی یە، كە یەكێكە لە شەهیدەكانی ڕۆژی ٥ ی ڕەزبەر. شەهید حسەین، وەك یەكێك لە هاوسەنگەرەكانی كە تەنیا لەو گەڕانە سیاسی و نیزامیەی پانزەی خەرمانان تا ٥ی ڕەزبەردا هاوڕێی بوو، لە بایی دا دەڵی: شەهید حوسەین لە هەموو چاكەیەك تێكەڵ بوو. شەهید حوسەین كوڕی محێدینی صوفی ڕەشید لە سالی ١٣٤٢ دا لە گەڕەكی خوارووی شاری بانە لە بنەماڵەیەكی وەرزێرو زەحمەتكێش لە دایك بوو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو كرد. شەهید حوسەین لاوێكی وردوو هەڵكەوتوو تیژ بین بوو دیارە ناكرێ ئینسانی وا، لە ڕاست ستەمی داگیركەران لەسەر خەڵكی كوردستان هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی نەبێ‌، ئەو لاوە بە هەستە، زوو پێوەندی لەگەڵ تەشكیلاتی نهێنی ناو شاری بانەدا بوو و كاری دەكرد، تا ئاشكرا دەبێ و بەدەمانچەوە دەگیرێ‌، ماوەیەك لە بانە و سەقز زیندان دەكرێ تا هاوینی ١٣٦٣، كاتی بومبارانی زیندانی سەقز ئەو چەند كەسە سلامەت دەردەچن و دەروی دەربازبوونیان دەست دەكەوێ و دێنە دەروەوە. لە ١٣٦٤هاتە ڕێزەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دواتر بۆ ماوەیەک بە هۆکارێکی تایبەتی دادەبڕێ و دوبارە دەبێتەوە بە پێشمەرگەی سازمانی خەبات. شەهید حوسەین لەبەر ئەمانەتداری و دروست كاری و شارەزایی، لە دەرمانگای سازمان كاری پێ‌ سپێردرا و لە بەهاری ١٣٦٧ دا ناردرایە بەشی چاپخانەوە. شەهید حوسەین هەر كارێكی پێ‌ سپێردرا جێی متمانەبوو و جێی زۆرانی دەگرت لەو ئەركە دا كە پێی دەسپێردرا. شەهید حوسەین ناسراو بوو كە چ لاوێكە، بەڵام وەك دەڵێن مرۆڤ لە تەنگانان دا دەردەكەوێ‌ تا لە تەنگانە و جەولە دا نەبیندرا، نەزاندرا كە ئەو لاوە چەند لێهاتوە. شەهید حوسەین بەپێ خۆش بوون و داوای خۆی لە پانزەی خەرمانانی ١٣٦٧ دا، لەگەڵ پیشمەرگەكانی مەڵبەندی یەك و سێ‌ چوو بۆ گەڕانی سیاسی و نیزامی لە وەڵات دا. شەهید حوسەین خرایە پەلی فەرماندەریەوە. لە بەرە بەیانی ٢٢ خەرمانانی ١٣٦٧دا لە شەڕێك كە پیشمەرگە دژی جاشە خۆفرۆشەكانی ڕژیم لەناو دێی تاژەبان تووشیان بوو، ئەو پەڕی ئازایی و دامەزراوی و سەر دەرچوویی لە خۆ دەرخست، شەهید حوسەین لە گەرمەی جەنگ دا حاڵەتی عادی و ئاسایی تێك نەدەچوو. شەهید حوسەین لە ڕۆژی 5ی ڕەزبەردا بە تەواویی پلەی باوەڕو لێبڕاوی و شیاویی خۆی دەرخست. دەریخست كە لە هەموو شتێك دا شەهید حوسەین ئینسانێكە لێ‌ هاتووە، شەهید حوسەین لە دەستەی بەرایی جەنگ بوو، فریا زەربەت دەكەوت و وریای هەڤاڵانی بوو، برینداری دەگوێزتەوە و تیماری دەكرد، هەمووی بە ڕویەكی خۆش و دیمەنی نەشەمزاوەوە كە وورەی لێ‌ دەباری. شەهید حسەین لە كاتێك دا یەكێك لە بریندارەكانی گویزا بۆوە بۆ جێ‌ی متمانە، لە کاتی گەڕانەوە بۆ مەیدانی بەرەی جەنگ، كاتیوشا ڕووی لەو قارەمانە كرد، کە بەداخەوە تیكەیەك لە پشتی دراو زوو شابازی گیانی فڕی بۆ كۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی خەبات.  بەڕاستی شەهید حوسەین لە ماوەی بیست ڕۆژ گەڕانی پیشمەر گەو و دوو جەنگ، كە بەشداری تێداكرد، بە هەموو هەڤاڵانی گەیاند كە ڕۆڵەیەكی بە كەڵكی ئەو كوردستانەیە، بەڵێ شەهید حوسەین و ئەو شەهیدە قارەمانانەی كە لەگەڵی هاوكۆچ بوون بۆ بە هەشتی شەهیدان و ئەو هەڤاڵە بە نرخانەی كە ڕۆژی ٥ی خەرمانان، حەماسە بەناوبانگەكەی سەدبارو سیوچیان خولقاند، بە قارەمانی خۆیان بەو كردەوە بێ‌ وێنەیان دژمنیان پەشیمان كردەوە لەو بەرنامەی كە چنیبووی بۆ پیشمەرگەكانی سازمانی خەبات. کە ورەی دژمنی ئەوەندەی تریش پێ‌ هاتە خواروو ورەی پیشمەرگە و خەڵكی كوردستان، ئەوەندەی تریش پێ‌ بەرزبۆوە. تەرمی پیرۆزی شەهید حوسەین و شەهید ناسر نانەوا بە دنیایەك ڕوو سووری چوەوە شاری بانە، لە گۆڕستانی سڵمان بەگ بە خاك سپێردرا. كاتێك كە تەرمی پیروزی شەهید حسەین و شەهید ناسر دەچوەوە بانە هەموو شارەكان و ناوچەكانی كوردستان بە پۆل پۆل و بەدەیان تەرمی پیسی جاش و خۆفرۆشیان بۆ دەچوەوە كە بە دەستی شەهیدەكان و هەڤاڵە قارەمانەكانیان بەسزای خۆیان گەیشتبوون.  بەڵی ڕاستە سازمانی خەبات و ڕیزی شۆڕش چەند ڕۆڵەی بەنرخی لە ڕێزی خەبات و فیداكاری بەبەرگی سووری شەهادەتەوە لێ‌ چوونە دەر، بەڵام بە دژمنیان سەلماند کە کوردستان گۆڕستانی دژمنە. ئێمە درێژە بە خەبات دەدەین و دوای دێڕێك دەكەوین كە بە خوێنی شەهیدەكانمان كێشاومانە. با كاروانی شەهیدان هەردرێژەی ببێ‌، با نەپسێتەوە تا سەردەكەوین، نەچەكمان دەم لێك دەنێ، نە دروشمی مەرگ بۆ دژمن و نەخۆمان دەم لێك دەنێین لە دروشمی درود بۆ شەهید.

هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان

ڕێکه‌وت: 2020-10-01 23:43:33






شه‌هیدانی ڕێگای خه‌باتی کوردایه‌تی

هه‌موو جارێک پۆلێک له‌ شه‌یدانتان پێ‌ده‌ناسێین