ئێوارەی هەینی ٥ی ڕەشەممە، یەکێتی ئەوروپا دەیەمین بەستەی ئابڵۆقەکانی بۆ سەر مۆسکۆ دیاری کرد و هەروەها سزای خستە سەر هەندێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان لە پەیوەندی بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیە.
شاندەکەی سوید کە سەرۆکایەتی ئەم خولەی یەکێتی ئەوروپایان بەدەستەوەیە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر لەشکرکێشی دڕندانەی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، یەکێتی ئەوروپا دەیەمین بەستەی سزاکانی بۆ سەر مۆسکۆ دیاری کرد، لەوانەش قەدەغەکردنی هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای دووگانە و سزادانی هەندێک کەسایەتی و لایەنگر کە پشتیوانی ئەو شەڕەیان کردوو.
هەروەها ئەم شاندە سزای خستە سەر بەشێک لە میدیاکانی ڕووسیه و ئەو کۆمپانیانەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیە دەنێرن.
دوای ڕەزامەندی لەهیستان، سزا نوێیەکان ئێوارەی ڕۆژی هەینی خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەرشۆ دەیەوێت سزای بەهێزتر و فراوانتر بۆ سەر مۆسکۆ دیاری بکرێت، بەڵام نەیتوانی یەکێتی ئەوروپا ڕازی بکات کە ئەو جۆرە سزایانە جێبەجێ بکات.
بەستەی نوێی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا ڕێگری دەکات لە هەناردەکردنی ١١ ملیار دۆلاری ئەوروپی بۆ ڕووسیە و دەستی بەسەر سامانی سێ بانک و چەند کۆمپانیایەکی ڕووسی گرتووە.
هەروەها ئەم سزایانە ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی کە تۆمەتبارن بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیە، لە خۆ دەگرێتەوە.
لیستی نوێی سزاکان ١٢٠ ناو لەخۆدەگرێت، کە تا ئەو کاتەی لە گۆڤاری فەرمی یەکێتی ئەوروپا بڵاودەکرێتەوە، بە نهێنی دەمێنێتەوە.