دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

دیمانەی بەرێز بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستان لەگەڵ گۆڤاری لـڤـین

دیمانەی بەرێز بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستان لەگەڵ گۆڤاری لـڤـین
سازمانی خەبات

لەسەر پرسی خەبات ی چەکداری و کاریگەری و دەرفەت و بەستێنەکانی ئەو شێوەی خەباتە،  رۆژنامەوان بەرێز سالار مەحموود دیمانەیێکی لەگەڵ رێزدار کاک بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران پێکهێناوە و لە ژمارەی 336ی  گۆڤارى لـڤـین  بە رێکەوی 15ی ئاگۆستی 2016 بلاو کراوەتەوە. ئەوەی خوارەوە دەقی وەڵامەکانی بەرێز کاک بابەشێخ بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانە:

لڤین: سەبارەت بە خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابەشی دوو بەرە بوون، هەڵبەت ئێوە لەو بەرەیەدان کە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری بەگرنگ دەزانن، دەکرێت پێمان بڵێت خەباتی چەکداری لەم کاتەدا چ کاریگەریی‌و دەستکەوتێکی دەبێت بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات؟

وەک ئاشکرایە رژیمی دەسەلاتدار لە ئێران هه‌‌‌ر له‌‌‌ سه‌‌‌ره‌‌‌تاوه‌‌‌ وەلامی داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستانی بە هەرەشەو کوشتن و وێران کردنی کوردستان دایەوە. هەر لەو چوارچێوەدا خومەینی فەرمانی جیهادی دژ بە خەڵکی کوردستان ڕاگەیاندو هێزێکی زۆری سەربازیی لە گەڵ ژمارەیەک ئاخوند بە سەرۆکایەتی  خەڵخاڵی  ڕەوانەی کوردستان کردو دەیان کەسی بێتاوانیان ئیعدام کرد.  لەو رۆژەوە تا ئێستا، سەرکووت و هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان نەک رانەگیراوە، بە٠Žڵکوو ستەم و بێدادی زیاتر  پەرەی سەندوە و کەم رۆژ هەیە کوردستان شاهیدی جینایەتی ئاخوندەکان نەبێ. بەو پێ یە خەباتی چەکداری لە لایەن خەڵکی کوردستان هەڵنەبژێردراوەو دەسەلاتداران لە ئێران بە زۆر بە سەر خەڵکی کورد بە تایبەت وجولانەوەی ئازادیخوازانەی سەرانسەریی لە ئێراندا سەپاندوە. دیارە  پێش وەلامدانەوەی ئه‌‌‌و پرسیاره‌‌‌ لەسەر گرینگی خەباتی چەکداریی، پیویست بوو ئەو راستیە بزاندرێ کە هۆی دەست پێکردنی خەباتی چەکداری چی بووە.

ئاشکرایە خەباتی چەکداری لە  بەرانبەر دەسەلاتێک کە رێگەی هیچ چالاکیەکی سیاسی نادات و لە وەلامی بچوکترین رەخنەدا، سەرکوت و کوشتن و ئیعدام پەیرەو دەکات، سه‌‌‌ره‌‌‌رای ئەوەی خەباتی چەکداری بژاردەییکی زیانبارە، لە هەمانکاتدا بۆ بە چۆک داهێنانی دەسەڵات وکردنەوەی رێرەوێک کە  تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی لە بەرانبەر بێدادی و ستەمگەریدا دەنگی رەوای خۆیان بە گوێ دەسەڵاتداران بگەێنن هەم گرینگ و هەم پێویستە و‌ یارمەتیدەرێکی گرینگی خەباتی سیاسی شۆرشگێڕانەیە.
 

لڤین: هەتا ساڵێک لەمەوبەریش ئێوە بڕواتان وابوو کە زەمینە لەبار نییە بۆ خەباتی چەکداری، دەکرێت پێمان بڵێیت چی گۆڕانکارییەک روویداوەو دۆخەکە چی بەسەردا هاتووە تا زەمینە سازابێت بۆ حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ  دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری دژی ئێران؟

سازمانی خەبات هەمووکات باوەڕی وابووە، کە خەباتی چەکداری یەکێکە لە شێوەکانی خەباتی ڕەوای ماف خوازانە کە دەسەلات بە سەر خەڵکی دا سەپاندوە، هەر لەو چوارچێوەدا پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات، چ ئەم ساڵ و چ سالانی رابردوو لە کاته‌‌‌ گونجاوه‌‌‌کاندا، لە ناوچەکانی کوردستاندا بوونیان هەبوە و بە پێی توانا روبەروی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات بوونەوە.

 ئاشکرایە لەم ساڵدا، فشارەکان و سەرکوتی خەڵک بە تێکراو لاوان بە تایبەت وای کردوە کە زەرورەتی حزووری پێشمەرگە لە ناو خۆی کوردستانی ئێران پێویست تر بێ و چالاکی پێشمەرگە زیاتر پەرە بستێنێ.

لڤین: زۆرن ئەوانەی کە پێیانوایە خەباتی چەکداری وەکو میتۆدێکی گرینگ بایەخی نەماوە بۆ وەدەستهێنانی مافی ڕەواو هیچ دەستەبەر ناکات، لەم ڕووەوە راتان چییە؟

بە باوەری من هەر کام لە جۆرەکان و شێوەکانی خەبات، بە جولانەوەی چەکداریشەوە،پێوەندی هەیە بەو قۆناغ و هەلومەرجەی  شۆرشی تێدایەو هەروەها ئه‌‌‌و شێوەی کرداره‌‌‌کانی دەسەلات لە خۆی نیشان دەدا پێوەندی هەیە. ئەوە هەلومەرجی شۆڕش و هەلسوکەوت و رادەی ستەمگەرییەکان و کاردانەوەکانی دەسەلاتە ئەو حوکمە دەدات کە ئایا خەباتی چەکداری پێویستە یان نا؟ کاتێک لە چوارچێوه‌‌‌ی دەسەلاتی ئێران رێگە بە هیچ جۆرە خەباتێکی مەدەنیانە نادرێ‌ و لە بەرانبەر هەر رەخنەییکی رەوای هاونیشتمانیاندا، هەڕەشەو زیندانی کردن و ئیعدام پەیرەو دەکرێ‌ و بە زەبری هێز  رێگە لە هەر نارەزایەتی و رێپێوانێکی مەدەنیانە دەگیردرێ‌. لە هەلومەرجێکی لەو شێوەداخەباتی چەکداری یەکێکە لە رەواترین شێوەکانی نارەزایەتی دەربڕین و بە یەکێک لە هۆکانی بەردەوام بوون بە شۆڕشی مافخوازانەو ئازادیخوازنە ئەژمار دەکرێ. لە وەها هەلومەرجێکدا قسەی ئەوانەی کە زۆر کەمن و دژایەتی خەباتی چەکداریی مەشروع و رەوا دەکەن،ئه‌‌‌و که‌‌‌سانه‌‌‌ یا بە باشی پێداویستیەکان و زەرورەتەکانیان نەناسیوە و یا راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەو کانیانە ئاودەخۆنەوە کە سەرچاوەکەی لە لای دەسەلاتداری ئاخوندیەوەیە.

لڤین: تەرازووی هێز لەنێوان حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات‌و کۆماری ئیسلامی ئێراندا زۆر نا هاوتایە، ئەمە نابێتە پاساوی ئەوەی کە خەباتی چەکداری دژ بە ئێران بەرهەمی نابێت‌، یان نابێتە بەڵگەی ئەوەی کە زەمینەی خەباتی چەکداری لەبارو سازاو نییە؟

وەک ئاشکرایە خەباتی چەکداری پالپشتی خەباتی سیاسی و تەشکیلاتیە لە بەرانبەر دەسەلاتداری دیکتاتۆری ئاخوندی لە ئێران. بێگومان یەکێک لە دەستکەوتە دیارو بەرچاوەکانی خەباتی چەکداریی، راگرتنی خەباتی شۆرشگێرانەیە و لە هەمانکاتدا ترسی دەسەلات لە شۆڕش و ئاکامەکانی جوڵانەوەی حەقخوازانەیە.

سەبارەت بە ناهاوتایی هێزی شۆرش لە بەرانبەر  رژیم، لە گەڵ ئەوەی ئه‌‌‌وه‌‌‌ حەقیقەتێکەو هەر لە سەرەتای هێرشی پاسداران بۆ کوردستان ئەو ناهاوسەنگیەی لە هێزداو هەروەها له‌‌‌ بوونی چەک و تەقەمەنی پێشمەرگەدا هەبوو، سەرەرای ئەو ناهاوسەنگی و نابەرابەریەش لەپێوەند بە توانای سەربازی دەسەلات و توانای پێشمەرگە، بەلام خەباتی چەکداری وەک زەرورەتێکی حاشاهەڵنەگر، بووە فاکتەرێکی گرینگی جولانەوەی ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان و بە شێوەییکی بەرینتریش بووە زەرورەتێکی جولانەوەی ئازادیخوازیی سەرانسەریی لە بەرانبەر رژیمی ئاخوندیی ئێران.

بەو روون کردنەوەیە لە سەر زەرورەتی خەباتی چەکداریی و جێگەو پێگەی شیاوی لە جولانەوەی حەقخوازانە، دەگەینە ئەو ئاکامە کە خەباتی چەکداری لە گەل سەختی و کۆسپەکانی هەم پێویستەو هەمیش بەرهەمی زۆر ئاشکراو درێژماوەی هەبوە و لە داهاتووشدا بەرهەمەکانی زیاتر دەردەکەون.

لڤین: گشت حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن‌و بارەگاکانتان لەهەرێمە، ئایا ئەمە یەکێک لە لەمپەرەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریتان نییە؟

بێگومان بوونی بنکەو بارەگاکانی سازمانی خەبات و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان یەکێک لە هۆکارەکان بووە بۆ لاوازی و کەم بوونەوەی خەباتی چەکداری بە تایبەت کە زۆر جار لە بەر پاراستنی دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەم کردنەوەی فشارەکانی رژیمی لە سەر دەسەلاتی کوردیی بە پێویست زاندراوە چالاکیە چەکداریەکانمان کەم بکەینەوە.لە لایەکی دیکەوە رژیمی ئێرانیش زۆر جار زۆری بۆ حیزبەکانی کوردستانی عێراق هێناوە تا بەربەست بخەنە سەر کارو چالاکیەکانمان، ئەو رێگری و بەربەستانە کاریگەری بەرچاویان هەبوە لە کەم کردنەوەی چالاکی چەکداریی.

لڤین: جیا لەناکۆکی‌و ململانێی نێوانتان، حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەت‌و ستراتیژی هاوبەشتان نییە، ئایا بەم حاڵەوە دەتوانن دۆزو بزافی رزگاریخوازی کورد لە ئێران بە کوێ بگەیەنن؟

بیگومان نەبوونی هاوکاریی و ستراتیژی هاوبەش یەکێک لە کێشە بنەرەتیەکانی جولانەوەی ئازادیخوازی کوردستانە.بە باوەری من هەرچەند رژیمی ئێران لاوازیش بێ، بەلام کاری هاوبەش وبەرنامەییکی سیاسی هاوبەش بۆ بردنە پیشی جولانەوەی ماف خوازانە لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی گۆرەپانی جولانەوەی کورد نەبێ، ناتواندرێ کارێکی بەرچاو و کاریگەر ئەنجام بدرێ.

هەر بۆیە ووتارەکان و پێشنهادەکانی تێکرای حیزب و لایەنەکان ئەوەیە تا هەوڵی جیددی بدرێ بۆ وەدی هاتنی کارو سیاسەتی هاوبەش بۆ ئەم قۆناغەی جولانەوەی شۆرشگیرانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران.

لڤین: سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەژێر کاریگەری "یەکێتی‌و پارتی"دان، ئەوانەتان لەپارتییەوە نزیکن داوای دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری دەکەن‌و ئەوانەشی لە یەکێتییەوە نزیکن دژی شەڕو خەباتی چەکدارین، چۆن لەم دابەشبوونە دەڕوانن؟

دابەش بوونی سازمانە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران وەک لایەنەکانی ژێر کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتمانی کوردستان، لە بنەرەتدابوونی نیە. سەبارەت بە خەباتی چەکداری، زۆربەی لایەنەکانی کوردستانی ئێران چ ئەوانەی بنکەو بارەگایان لە ناوچەکانی سلێمانی یەو چ ئەولایەنانەی بنکەو بارەگایان لە ناوچەکانی دەوروبەری هەولێرە بە تێکرا باوەرەریان بە خەباتی چەکداریی هەیەو خەباتی چەکداری بە داسپاو لە لایەن رژیمی ئێرانەوە دەزانن و بە یەکێک لە رێگەو هۆکانی خەباتی ماف خوازانەی دەزانن.

لڤین: "حزبی دیموکرات‌و کۆمەڵە" بە هەردوو باڵەکەیانەوە وەکو نمایندەو ڕێبەری خەباتی کوردانی ڕۆژهەڵات دەردەکەن، دیارە ئێوە لەم بارەیەوە نیگەرانن‌و خۆتان بەکەمتر لەوان نازانن، دەکرێت پێمان بڵێیت قەبارەو کاریگەری‌و  ڕۆڵتان بە بەراوردی ئەوان لەچ ئاستێکدایە؟

سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە سەرەتای دەست پێ کردنی جولانەوەی ئازادیخوازی کوردستان وەک هێزییکی کاریگەریی سیاسی، چالاکانە لە مەیدانەکانی کاری سیاسی و تەشکیلاتی و روبەروبونەوەی نیزامی و پێشمەرگانەدا بە شداری هەبوە، تەنانەت نەیارانی سازمانی خه‌‌‌بات شاهیدی ئه‌‌‌و راستیه‌‌‌ ده‌‌‌ده‌‌‌ن که‌‌‌ دەوری سازمانی خەبات لە  مەیدانەکانی چالاکی سیاسی و نیزامی به‌‌‌رچاو حاشاش هه‌‌‌ڵنه‌‌‌گر بووه‌‌‌. ئەوە راستیه‌‌‌ ده‌‌‌ری ده‌‌‌خات کە سازمانی خەبات یەکێکە لە  هێزە دیارو سەرەکیەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها  ئەو هەولانەی دەسەلاتدارانی رژیمی ئێران بۆ زەربەت لێدان لە سازمانی خەبات و ئەندامانی و ترسی لە بوونی سازمانی خەبات و دەیان بەڵگەی دیکە، سەلمێنەریی ئەو راستیەیە کە سازمانی خەبات نوینەرایەتی بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوانی کوردستان دەکات لە جولانەوەی شۆرشگێرانەدا.

لە پێوەند بە رێبەری کردنی جولانەوەی شۆرشی ئازادیخوازی بە باوەری من  حەق نیە  هیچ لایەنێک خۆی بە رێبەری جولانەوەی ماف خوازانەی کوردستان بزانی و هەلومەرجی ئیستای کوردستانیش  ریگە بەو جۆرە بیر کردنەوە نادات و هەروەها لایەنە سیاسیەکانیش بیرو بۆچوونیان وەک رابردوو نەماوەو هیچکامیان چ بە تەنیا و چ بە  دوو قۆڵی، ناواقعیە خۆیان بە رێبەری خەباتی کوردانی رۆژهەلات بناسێنین و نەحەقیقەتی مەیدانی جولانەوە رێگە بە ئیدەعای لەوچوارچێوەیە دەدا.

لڤین: جیا لەگشت حیزبە کوردییەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوە پەیوەندی‌و نزیکایەتییەکی تایبەتتان لەگەڵ "  شورای میللی مقاوەمەتی ئێران" بەڕێبەری مەریەم رەجەوی هەیە، دەکرێت پێمان بڵێیت ئەم پەیوەندی‌و نزیکایەتییە لەسەر چ بنەمایەکە؟

پێشەکی دەبێ بڵێم کە هاوکاری هێزە سەرانسەریی و کوردستانیەکان کارێکی پێویستە، چ بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای شۆرش و چ بۆ دوای روخانی رژیمی ئاخوندی. هەر لە سەر بنەمای ئەو پێویستیە پێوەندی و هاوپەیمانی سازمانی خەبات لە گەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شورای میللی مقاومه‌‌‌تی ئێران لە سەر هەوڵ و تێکۆشان بۆ رووخانی رژیمی ئاخوندی و هاتنە دی حکومەتێکی ئازاد و دیموکرات لە ئێرانداو دابین کردنی مافی رەوای گەلی کورد و بەرابەریی و یەکسانی لە نیوان هەموو چینەکان و کۆتایی هێنان بە سەرکوتی ژنان و چەوسانەوەی مەزهەبی ....هتد لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی دوو قۆڵی رێکخراوەو رێکەوتنی رەسمی لە سەر کراوە.


7 ساڵ و 8 مانگ و 11 ڕۆژ و 10 کاتژمێر و 58 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

دیمانەی بەرێز بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستان لەگەڵ گۆڤاری لـڤـین

دیمانەی بەرێز بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستان لەگەڵ گۆڤاری لـڤـین

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران