بەپێی زانیارییەکان ڕژیمی ئێران لە دوایین هەوڵەکانی بۆ مانەوە و دەربازبوون لە قەیرانە قوڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، کارێکی مەترسیدارو دزێوی لە ناوچە سنورییەکانی سەردەشت دەست پێکردوەو خەریکی بە برسی کردنی زیاتری خەڵک هەوڵی ئاژاوەو ناکۆکی دەدا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە تشکیلاتی ناوخۆیی سازمانی خەبات بە دەستمان گەیشتوە، هێزەکانی سپای پاسداران لە سنوری سەردەشت و دەوروبەری، جموجۆڵ و گوماناوییان دەست پێکردوە. ئەو سەرچاوەی سازمانی خەبات ئاشکرای کرد کە سپای پاسداران مەرجێکی مەترسیداری بۆ پێدانی پوڵ بۆ فریو خواردوان داناوە؛ ئەویش بریتییە لە "بەشداریکردن لە دەورەی ڕاهێنانی سەربازی" لە نێو بنکەکانی سپادا. بەپێی زانیارییەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەن، لە مێرمنداڵانەوە بگرە تا کەسانی بەساڵاچوو، هەوڵ دەدرێت بە زۆر و چەکدار بکرێن.
ئەم هەنگاوەی ڕژیم نیشانەی "پەلەقاژەی کۆتایی" و داتەپینی پێگەی جەماوەرییەتی. دەسەڵاتێک کە خۆی هۆی بێکاری و داڕمانی ژێرخانی ئابووری کوردستانە، ئێستا دەیەوێت بە چەکدارکردنی خەڵکی برسی و پڕکردنەوەی ڕیزە بەتاڵەکانی، وای نیشان بدات کە هێشتا خاوەنی هێز و پێگەیە، لەکاتێکدا ئەمە تەنها هەوڵێکە بۆ چاوبەست و فریوکاری و شاردنەوەی ورەی رووخاویان.



