هه‌ینی 

30 خه‌رمانان2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

پەیامی کومیته‌ی ناوه‌ندی بە بۆنەی ٤٤ ساڵە دامەزراندنی سازمانی خەبات

پەیامی کومیته‌ی ناوه‌ندی  بە بۆنەی ٤٤ ساڵە دامەزراندنی سازمانی خەبات
سازمانی خەبات


جەماوەری تێکۆشه‌ری کوردستان!
که‌س و کاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی!
 پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و تێكۆشەرانی مه‌یدانی خه‌بات و خۆڕاگری!


٥ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ، ٤٤ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران دا تێده‌په‌ڕێ. له‌و یاده‌ شکۆداره‌دا، درود و سڵاو ده‌نێرین بۆ ڕۆحی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی، ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی کورد، دامه‌زرێنه‌ری سازمانی خه‌باتی کوردستان و سه‌ری ڕێز بۆ هه‌موو شه‌هیدانی سورخه‌ڵاتی نەپساوەی شۆڕشی كوردستان و ڕێگەی ئازادیی داده‌نه‌وێنین و پیرۆزبایی گه‌رم پێشکه‌ش به‌ هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان خانەوادەی‌ شه‌هیدان و زیندانییانی‌ سیاسی‌، كادر و پێشمه‌رگه‌ و خانەوادە‌ تێکۆشه‌ره‌کانیان ده‌که‌ین.
سازمانی خه‌بات به‌ مێژووی پاک و بێ گه‌ردو تێکۆشانی بێ پسانه‌وه‌ و پڕ شکۆی خۆی، هه‌میشه‌ پێشه‌نگه‌ له‌ مه‌یدانی خه‌بات و کوردایه‌تی گه‌له‌که‌مان و‌ خاوه‌نی تێكۆشەرانی ده‌سته‌بژێرو بوێر و ھوشیار و جه‌ماوه‌رێكی دڵسۆز و تێکۆشه‌ره‌ له‌ کوردستان دا. خاوەن باوەڕانی سازمانی خەبات له‌به‌ر ڕۆشنایی فیكر و فەلسەفەی مامۆستا شێخ جه‌لال حسینی و ڕێبازه‌که‌ی دا، كوردایەتییەكی ئاوێتە بە، بەها ئینسانییەكان، ئاشتیخوازی و دیموكراسی، بنەماکانی دادپەروەریی كردە پەیڕەو، و سه‌رمه‌شقی شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مان. به‌دامه‌زرانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران، قۆناغێكی نوێ له‌خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ‌ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان له‌کوردستانی ئێران ده‌ستی پێکرد. سازمانی خه‌بات به‌سیاسه‌تی پاکی کوردانه‌ و به‌رفراوانه‌وه‌ پیشڕه‌وی بزاڤێکی جه‌ماوه‌ریی و شۆڕشگێڕی كوردستاندا كردو بۆ پشتیوانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و ئینتیمای هۆز و تیرە و ناوچە و ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و  بیروبۆچوون و باوەڕە جیاجیاكان و‌ مه‌کۆ و سه‌نگه‌ری دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی گه‌ل و نیشتمان. 
به‌گشتیی تێكۆشانی سازمانی خه‌بات، به‌درێژایی ئه‌و ٤٤ ساڵه‌ جێگەی شانازییه‌ و ڕێبوارانی ئه‌م ڕێگەیه‌ ده‌توانن به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ئاوڕ له‌ ڕابردووی پڕ شکۆی و کەم په‌ڵه‌ی ئه‌م ڕێبازه‌ بده‌نه‌وه‌و شانازی به‌ خه‌باتی بێ وچان و تێکۆشانی فره‌ ڕه‌هه‌ندی سازمانی خه‌بات له‌مه‌یدانه‌ جۆربه‌جۆره‌كاندا بکه‌ن. 
ئافره‌تان و پیاوانی شۆڕشگێڕ و کوردپه‌روه‌ری کوردستانی ئێران به‌ پیر و لاو، له‌ ژێر ڕۆشنایی ڕێبازی سازمانی خه‌بات دا، له‌ڕیزه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌، ڕێکخستنی نهێنی، یان له‌ته‌شکیلاتی ده‌ره‌وه‌و ئاشکرای سازمانی خه‌بات و له‌ناوخۆداو له‌مه‌یدان و هەروەها قارەمانان و تێكۆشەرانی نهێنی لەناوخۆی كوردستان دا، لەشه‌قامه‌کانی هه‌موو شارو ناوچه‌‌کاندا، به‌ هومێد و دڵێكی پڕ له‌هیواوه‌، له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕێبازی شه‌هیدان درێژه‌ به‌ خه‌بات و چالاکی ده‌ده‌ن و له‌مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانی دژمنان له‌پێناوی ئازادی دا سه‌ربازی شۆڕش و کوردایه‌تین. 
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران، له‌ژێر ڕۆشنایی به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی خۆیدا، پشت و په‌نایی هه‌موو جۆره‌كانی خه‌بات و هه‌ولێکی مه‌ده‌نیه‌ له‌ناوخۆی کوردستان و تێکۆشانی تێكۆشەرانی ئازادیخواز‌ لەمەیدانە جۆربەجۆرەکاندایە. ئەو چالاكی و قارەمانیەی لەشارو ناوچەكانی كوردستانی ئێران دا ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر و بوێرانه‌تر ده‌رده‌که‌وێ و جم و جۆڵی به‌رده‌وام و‌ بێ‌‌وچانی‌ ئێعتراز و ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کان، ته‌نگیان به‌ حکومه‌تی دیکتاتۆری ئاخونده‌کان و هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانی‌ هه‌ڵچنیوه. ئاماده‌یی خه‌ڵکی کوردستان و پیشڕه‌ویان، له‌ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کاندا، ڕژیمی ئاخوندی تووشی شڵه‌ژان و نیگه‌رانی گه‌وره‌ کردوه‌ و ئه‌م رژیمە‌ گه‌نده‌ڵه‌ی هێناوه‌ته‌ لێواری ڕوخانی یه‌کجاره‌کی. ئەگەر چیی دەسەڵاتدارانی ڕژیم بە خەیاڵی خاویان هەوڵ دەدەن بە کوشتن و ئیعدامی‌ لاوانی‌ کورد و سەرکوت و بە هێنانی هێزی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان، بەر بە جوڵانەوەو شۆرشی جەماوەریی بگرن بەڵام، سەركوت چەوسانەوە نەبۆتە هۆی بێدەنگی جەماوەری كوردستان. 
وەك ئاشكرایە ٤٤هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌بات، هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ یادی شۆڕشی ژینا و پێویسته‌ به‌ هه‌ڵگیرسانی مه‌شخه‌ڵی ئه‌م دوو یاده‌ به‌شکۆیه‌، ڕێگه‌ی ڕاپه‌رین و به‌رخودانمان ڕووناکتر و په‌یمانی به‌رده‌وامی له‌خه‌بات و تێکۆشانمان بەرینتر که‌ینه‌‌وه‌ و هه‌وڵه‌کانمان له‌پێناوی ڕوخانی ڕژیمی نه‌گریسی ئاخوندان یه‌ک خه‌ین و دژی هه‌رجۆره‌ سته‌م و ناعه‌داله‌تیه‌ک بوه‌ستینه‌وه‌.له‌ په‌یوه‌ند به‌ کار و خه‌باتی هاوبه‌ش دا سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران، وەك هه‌میشه‌ داواكارە پەیوەندی و هاواكری نێوان هێزو لایەنەكانی كوردستانی ئێران پتەوتر و ریشەدار بێ‌‌، سازمانی خەبات داوكارە ناوەندێكی فكری و ڕاوێژ كردن بۆ كاری هاوبەش پێك بێت و ببێتە هۆی پەیوەندی گەرم و گۆڕ و کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌کان تا له‌سه‌ر سیاسه‌تێکی دروست و حه‌کیمانه‌، له‌سه‌نگه‌ری خەباتی ڕوخانخوازی دژی ڕژیمی ئاخوندی دا، وزه‌ و تواناکان تێکه‌ڵ بکرێ‌. سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران له‌ پێناو ڕوخانی ڕژیمی ئاخوندی و ده‌سته‌به‌رکرانی مافه‌کانی گه‌لی کورد، له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی دیموکرات و خه‌ڵکی له‌داهاتوی ئێران و کوردستان دا ئاماده‌ی هه‌ر جۆره‌ کارێکی هاوبه‌شه‌ و هێڵی سووری بۆ سه‌ر هیچ هێز و لایه‌نێک نیه‌ که‌ له‌و چوارچێوه‌دا له‌گه‌ڵ سازمانی خه‌بات دا کار و خه‌باتی هاوبه‌ش ئه‌نجام بدات. 
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران له‌یادی ٤٤ساڵه‌ی دامه‌زراندنی خۆی دا، داوا له‌هه‌موو حكومەت و هێز و لایه‌نه‌ ئازادیخوازه‌کانی جیهان ده‌کا، که‌ پشتیوانی له‌دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان بکه‌ن و زوڵم و زۆرداری ڕژیمی ئاخونده‌کان مەحكوم بكەن و مه‌ینه‌ت و نه‌هامه‌تیه‌کانی گه‌لانی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان بكەنە هۆیەك بۆ پچراندنی هەر جۆرە پەیوەندی و هاوکاری یان له‌گه‌ڵ ڕژیمی دیکتاتۆر و دژ به‌ ئازادی ئاخونده‌کان له‌ئێراندا . 
جارێکی دیکه‌ یادی ٤٤ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌بات له‌که‌سوکاری شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کان، زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و پیشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی دڵسۆز و وه‌فاداری سازمانه‌که‌مان پیرۆزبێ. 


سه‌ركه‌وێ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی كوردستان
بڕوخێ ڕژیمی نه‌گریسی ئاخوندی.
کومیته‌ی ناوه‌ندی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

25 ڕۆژ و 8 کاتژمێر و 41 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی کومیته‌ی ناوه‌ندی بە بۆنەی ٤٤ ساڵە دامەزراندنی سازمانی خەبات

پەیامی کومیته‌ی ناوه‌ندی بە بۆنەی ٤٤ ساڵە دامەزراندنی سازمانی خەبات

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران