جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!
نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی گه‌ل و نیشتمان !
ئەمڕۆ٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢٥، ١٢٧ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی یه‌که‌مین رۆژنامەی کوردی به‌ناوی "کوردستان"، که به هیممەت و ماندوو بوونی گه‌وره پیاوانی زانا‌و ده‌روه‌ستی نه‌ته‌وه و نیشتمان و لێهاتووی کورد ، میقداد مدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی میسر له ساڵی ١٨٩٨چاپ کرا. گه‌لی کورد بە تێكڕاو نووسەران و ڕۆژنامەنووسان بە تایبەت، له‌م رۆژه‌دا یادی ده‌رچوونی یه‌که‌مین به‌ردی بناخه‌ی رۆژنامه‌ی کوردی ده‌که‌نه‌وه و ئه‌م هه‌نگاوه مێژوویه‌ی به‌درخانیه‌کان به هه‌نگاوێکی گرنگ دەزانن كە بۆ هه‌تاهه‌تایه له دیرۆکی گه‌لی کورد دا ده‌مێنێ و له‌بیر و هزی ئه‌م گه‌له سته‌مدیده‌یه ناسڕێته‌وه.
گه‌لی کورد وه‌ک یه‌کێک له کۆنترین نه‌ته‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌رده‌وام هه‌وڵی له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی دراوه و زمان و کلتور و پێناسه‌کانی لێ قه‌ده‌غه کراوه، له‌کاتێک دا که گه‌لی کورد هیچ ده‌روێکی بۆ هه‌ڵمژینی هه‌وای ئازاد و ڕاده‌ربڕین نه‌بوو و له‌لایه‌ن ٢ ئیمپراتوری ئەو ده‌م دا، هه‌وڵ بۆ خاشه‌بڕ کردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌درا و له‌رێگه‌ی توانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی و بێ ماف کردن و زه‌بر و زه‌نگ و ناعه‌داڵه‌تی هه‌وڵ بۆ کپ کردنی ده‌نگی ئازادیخوازی کورد ده‌درا، به‌درخانیه‌کان که له‌زێدی باب‌و باپیرانیان هه‌ڵکه‌ندرابوون، له‌شه‌وه‌زه‌نگی چاره‌نووسی ئه‌م میلله‌ته‌دا، چرایێکی گه‌ش و پرشه‌نگداریان داگیرساند و میراتێکی به‌نرخ و به‌سوودیان بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه و ئێستا و داهاتوشمان به‌جێ هێشت و به‌م شێوه نه‌یانهێشت ئاواتی دژمنان بۆ سڕینه‌وه‌و بێبه‌شکردنی ئه‌م زمانه ده‌وڵه‌ومه‌نده له ناو ئه‌ده‌بیات و زمانه‌کانی دیکه‌ی دنیادا بسڕێته‌وه و کورد له دنیایی پڕ له گۆڕانکاری ناوچه‌که بێ زانیاری و بێده‌نگ بکرێ و لە کاروانی پێشکەوتن جێ بمێنێ.
یه‌کێکی دیکه له ئامانجه‌کانی به‌درخانیه‌کان ئه‌وه‌بوو که ئه‌وان به هه‌سکردن به سته‌م و زۆرداری گه‌له‌که‌یان له‌م ڕێگه‌وه هه‌وڵیان دا هەست و شعور و تێگەیشتنی نیشتمانی و نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگای کوردی‌دا به‌هێز بکه‌ن و کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کگرتوو هه‌وڵ بۆ پێناسه و بنه‌ماکانی خۆی بدات. میقداد به‌درخان كاتێك یه‌كه‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌كه‌ی ده‌ركرد، زیاد له دوو هه‌زار كۆپی له رۆژنامه‌كه به‌خۆڕایی بۆ ناوچه جیاوازه‌کانی كوردستان ده‌نارد و له خوارەوەی رۆژنامه‌كه ده‌نوسرا : من له‌هه‌ر ژماره‌یه‌ك دوو هه‌زار كۆپی ده‌نێرم بۆ كوردستان به‌خۆڕایی، بۆ ئه‌وه‌ی رێگای ئازادی‌و سه‌رفرازییان بۆ رووناك ببێته‌وه. هه‌ر چه‌نده ڕۆژنامەی کوردستان لەنێوان ساڵانی ١٨٩٨ تا ١٩٠٢، ٣١ ژمارەی لە چەند شوێنێکی جیاواز لێ دەرکرا، به‌ڵام بوه سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ و پڕبایه‌خ بۆ خوێنده‌وارانی ئه‌وده‌م و به‌م شێوه و دوای ده‌رچوونی ئه‌و ڕۆژنامه گه‌لی کورد به‌رده‌وامی به‌ڕێچکه‌ی به‌درخانیه‌کان دا.
له‌خۆڕا نییه له‌قۆناغه‌کانی دوای سه‌رهه‌ڵدانی یه‌که‌م بلاوکراوه‌ی کوردی ئه‌و ڕه‌وته درێژه‌ی کێشا و وه‌ک یه‌کێک له‌ئامرازه‌کانی به‌ره‌وپێش بردنی خه‌بات و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان که‌ڵکی لێوه‌رگیرا و خه‌ڵکی پێ ووشیار کراوه و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی پێ بلاوکرایه‌وه و گه‌شه‌ی پێدرا. پاش تێپه‌ڕبوونی ١٢٧ ساڵ ئێمه شاهیدی ئه‌وه‌ین که کاریگه‌ری ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌درخانیه‌کان، هه‌م له پاراستنی زمانی کوردی و درێژه‌دان به ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی، هه‌میش له ڕۆڵ و کاریگه‌ری ڕۆژنامه بۆ ووشیارکردنه‌وه‌ی پرسی نه‌ته‌وه و نیشتمان و ووشیاری تاکی کورد به ماف و ئازادیه‌کانی چه‌نده کاریگه‌ر و جێگیربوو له ناو نه‌ته‌وه‌ی تێکۆشه‌ر و خۆراگری کوردستان دا. له ئێستادا ڕۆژنامه وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ و پڕ بایه‌خ پێناسه ده‌کرێ و ده‌ور و ده‌سه‌ڵاتی ڕۆنامه‌نووسان ڕۆژ به‌ڕۆژ له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش دا، ڕێزی لێ ده‌گیرێ و جێگیرده‌بێ.
بێگومان ڕۆڵ و کاریگه‌ری ڕۆژنامه‌نووسانی کورد و له‌قاودان و ڕوونکردنه‌وه‌ی پلانی دژمنان و زانیاری گه‌یاندن به خوێنه‌رانی کورد ئێستا له ئاستێکی به‌رزدایه و دژمنانی کورد به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی به‌ربه‌ست دروس‌کردن له‌به‌ر ده‌م کاری ڕۆژنامه‌نووسان ده‌که‌ن و به‌سه‌خترین شێوه سزا ده‌رێن و زیندانی ده‌کرێن. ڕژیمی نه‌گریسی ئاخوندی وه‌ک یه‌کێک له دیکتاتۆرترین دژمنه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌رده‌وام هه‌وڵی زیندانی و ئیعدام و کوشتنی ڕۆژنامه‌نووسانی داوه‌و ناهێڵی هیچ گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی به‌ئازادی و بێ سانسۆڕ درێژه به کاری ڕۆژنامه‌وانی بده‌ن.
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران ئه‌م یاده شکۆداره، له‌سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌لکی کوردستان، ڕۆژنامه‌نووسانی بوێر و شۆڕشگێڕ پیرۆزده‌کا و ئه‌م یاده بۆ هه‌میشه به‌رز ده‌نرخێنێ.
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
2ی بانەمەڕی 1404 ی كۆچی خۆری