جەماوەری خۆِراگری كوردستان! خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان! ئاكامی ٤٥ ساڵ دەسەڵات و حوكمڕانیەتی ئاخوندەكان وێرانی، جەنگ و ئاژاوەگێڕی ترۆریست پەروەری، بێكاری و گرانی، جینایەت، زیندان، شكەنجەو ئیعدامی هەزاران ئینسانی دڵسۆزی نیشتمانپەروەر لە كوردستان و سەراسەری ئێراندا بووه. خامنەیی و باقی دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان، بۆ مانەوەی دەسەڵاتەكەیان، دەست لە هیچ تاوان و جینایەتێكی بێ بەزییانە لە بەرانبەر هاونیشتمانیانی كوردستان و تێكڕای خەڵكی ئێران ناپارێزن و لە ماوەی زیاتر لە ٤٥ ساڵ دەسەڵاتی وەحشیانەیاندا، چەندین كۆمەڵكوژیان لە شارو ناوچەكانی كوردستان و ئێران ئەنجامداوە كە یەكێك لەو جینایەتە سامناك و دڕندانە، ئیعدامی ٥۹ لاوی قارەمانی شاری مەهابادی سەربەرزه، کە لە ۱۲ی جۆزەردانی ساڵی ۱۳٦۲ كۆچی خۆری بوو. لە یادی ئیعدامی ئەو لاوە بێ تاوانانەدا جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە كە ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی هیچ گۆڕانێكی بە قازانجی گەلی كوردو گەلانی ئێران و ناوچەكەو جیهان لێ وەدیی نایەت. بۆیە هەر جۆرە ووتو وێژ و موزاكەرەیەك لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە حەق نەبیست و تاوانكارە، زیان بە جەماوەری ستەملێكراو، جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەو مافخوازانەكەی و خوێن و رێبازی شەهیدان دەگەێنێ. دەركەوتوە ئاخوندەكان تەنانەت لە ووتو وێژ و دانوستان لەگەڵ ئەمریكاو وڵاتانی جیهانی لە پەیوەند بە گەڵاڵەی ئەتۆمیەكەیان، مەبەستیان كات كوشتنەو لە ئاكامدا دروست كردنی بۆمبی ئەتۆمیە. ئاشكرایە ئامانج و ویستی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بە تێكڕاو ٥۹ شەهیدی قارەمانی ۱۲ جۆزەردانی ساڵی ۱۳٦۲، ڕەد كردنەوەی ووتو وێژ لەگەڵ ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و ڕەد كردنەوەی هەر جۆرە سازان و ڕێكەوتنێكە لەگەڵ دەست و پێوەندەكانی ڕژیمی پاشایەتی جینایەتكارو بەردەوام بوونە لە تێكۆشان و خەباتی هەمەلایەنە بۆ روخانی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی. لە ساڵیادی ئیعدامی ٥۹ لاوی بێ تاوانی شاری مەهاباد سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی بەرزی ئەو پۆلە لاوە خوێن گەرمە كە بێتاوان شەهیدكران و شەهادەتیان ڕەوایی خەباتی مافخوازانەی گەلی كوردو تێكۆشان بۆ ڕوخان و لە ناوچوونی دەسەڵاتی ملهوڕی ئاخوندیان زیاتر ڕەوایی پێدا. هەزاران سڵاو لە ڕۆحی ٥۹ لاوی شەهیدو قارەمانی شاری مەهابادو تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەرفەرازی گەلی كوردو گەلانی ئێران.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی بابەشێخ حوسەینی
۱۲ ی جۆزەردانی ۱٤٠٤ كۆچی خۆری