هاونیشتمانیانی ئازادیخوازو تێکۆشەری کوردستان!
نزیک نیو سەدەیە ئاخوندە دیکتاتۆرەکان بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دژی خەڵکی و نامرۆڤانە و سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و پاوانخوازی لە وڵاتانی ناوچەکەو جیهان بوونە هۆی تێکچوونی ئاسایش و ئەمنیەتی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دەسەڵاتی ئاخوندی لە هەوڵەکانی بۆ ناردنی ئینقلابی خومەینی بۆ وڵاتانی ئیسلامی، ملیاردها دۆلارو سەرمایەی خەڵکی ئێرانی بە فیڕۆداو هەروەها بە دروستکردنی گروپی تیرۆریستی و پشتیوانی هاوکاری هەمەچەشنە لێیان جەنگ و ئاژاوەی دروستکرد. جیاواز لە سیاسەتی ئاژاوەگێڕی لەجیهان و لەناوچەکەداو بە فیڕۆدانی سەرمایەی گەلانی ئێران، لەناوخۆشدا بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵک و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی داڕماندنی ئابووری وڵات بوونە بایەقوشی نەگبەتی و چارەڕەشی و هەرکات خەڵک ناڕەزایەتی لەسیاسەتە چەوتەکانیان دەربڕیوە، ڕێگەی سەرکوت، بەندکران، شکەنجەو کوشتنی گرتۆتەبەر. ڕژیم لەئێستاشدا بەهۆی شەڕەنگێزی و ئاژاوەگێڕی و هەوڵ بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، کەتەنیا مەبەستی مانەوەو پاراستنی خۆیەتی، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی خوێناوی لەگەڵ ئیسرائیل و خەڵکی ئێرانی کردۆتە قوربانی. لەوەها کاتێکدا پێویستە خەڵک بە کەڵک وەرگرتن لەو هەلە کە ئێستا زۆربەی فەرماندە ترۆریستەکانی ڕژیم و ژمارەیەک لەبەرپرسە گەندەڵەکانی ئەو دەسەڵاتە لەناوچوون، پێویستەخەڵک ڕاپەڕن و پرۆسەی ڕووخان و لەناوبردنی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی بە دەستی خۆیان جێبەجێ بکەن ڕێگە نەدەن زیاتر ببنە قوربانی و وڵاتەکەمان خاپورو وێران بکرێ. تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی! سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بەدرێژایی مێژووی خەباتی بێوچانی خۆی، دژبە دانوستان و نەرمی نواندن لەبەرانبەر ڕژیمی ئێران بوەو بەردەوام بانگەوازی ڕووخانی ئەو ڕژیمەی کردوە، هەربۆیە لەئێستاشدا داواکاری لەخەڵک ئەوەیە بە ڕووخاندنی ئەو ڕژیمە ستەمکارە چارەنووسی شیاوی خۆیان دیاری بکەن. هەروەک کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی سازمانی خەبات، لەیەکەم چرکەساتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕژیمی ئێران، لە پەیامێکدا تەشکیلاتی نەهینی ئاگادارکردوەو داوای لێکردن کە پشتیوانی لهخەڵکی بەشەرەفی کوردستان و ئێران بکهن و ڕێگری بکەن لەقوربانی کردنی زیاتری خەڵک بەدەستی ڕژیمی ئاخوندی ئێران. دڵنیاین کە بەگەیشتن بەئازادی و ڕزگارکردنی وڵات و نیشتمان لەدەستی داگیرکەران، بەرهەمی خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بەفیڕۆ ناڕوات ئازادی و دیموکراسی و حکومەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ گەلانی ئێران جێگیر دەبێت.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی ٢٤
ی جۆزەردانی ١٤٠٤ کۆچی خۆری