مامۆستایانی دڵسۆزی قوتابخانەو خوێندگەکان! خوێندكارانی خۆشهویستی کوردستان و ئێران! بهبۆنهی کردنهوهی دهروازهی خوێندنگەکان لە ساڵی نوێی ١٤٠٤ بۆ ١٤٠٥ی کۆچی خۆری گهرمترین پیرۆزبایی لە خوێندکاران و مامۆستایانی دڵسۆز و تێکۆشهر دهکهین. سەرەڕای دەیان كێشەو گرفتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و نەبوونی پێداویستیەكانی خوێندن و كەم و كورتی لە ناوەندەكانی خوێندن، هەروەها بەرزبوونەوەی ڕادەی هەژاری و هەڕەشەی ناوەندەكانی سەركوتگەری ڕژیمی ئاخوندی لە سەر جەماوەر بە تێكڕاو خوێندكاران و مامۆستایانی مەدرەسەو دانشگاكان، بهو هیوایهین پرۆسهی خوێندن له ههموو خوێندنگەکان سەركەوتوانە بەڕێوەبچێ و ئهمساڵیش وهک ساڵانی ڕابردوو، خوێندکاران به گرینگیدان بە خوێندن، دهسکهوتی زانستی و مەعریفی بەرز بە دەست بێنن وە بهرهو قۆناغێکی دیکهی پێشكەوتن بڕۆن. هەروەها جێگەی خۆیەتی كە خوێندكاران و مامۆستایانی مەدرەسەو ناوەندەكانی خوێندن له پێناو خزمهتی زیاتر به کۆمهڵگه و نیشتمانهکهمان لە خەبات و تێكۆشانی بێ وچان بۆ ڕوخانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و دامهزراندنی حکومهتێکی دیموکڕات لهئێران و گەیشتنی گەلی چەوساوەی كورد و گەلانی دیکەی ئێران بە مافەكانی چالاكانەتر بەردەوام بن. ئاشكرایە به درێژایی ٤٦ ساڵ دهسهڵاتی ئاخوندی دا، لاوان و خوێندکاران، مامۆستایانی مەدرەسەو زانستگەکان، ههمیشه ڕووبهڕووی ئهو دهسهڵاته دیکتاتۆر و گهندهڵه وهستاونهوه و ڕۆڵی پێشهنگ و گرنگیان له ڕاپهڕین و شۆڕشهکاندا بهتایبهت شۆڕشی ژینادا گێڕاوەو، به گیانبازی و نهسرهوتنی خوێندکاران و مامۆستایان و بەشداریان له ڕیزی پێشهوهی ئهو خهباتهدا له شەقامەكانی شارەكانی كوردستان و لە زیندانەكانی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندیدا بوونە پێشەنگی شۆڕشی ئازادیخوزایی. ههر وهک ئاشکرایه که خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگەکان له ژێر فشارێکی زۆر سهختی ڕژیمدان و بهردهوام کۆسپ و ڕێگریان لێ دهکرێ بەڵام ئازایانە بەرانبەر دژمن ڕاوەستاون و بهردهوامن لە تێكۆشانی ئازادیخوازانە. دیارە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی دیكتاتۆریی لە ئێران بە هۆی ترسی زۆرتریان لە خوێندكارانی زانستگەكان و قوتابخانەكان، چەندین ناوەندی سەركوت و چاودێریی: وەك بەسیجی خوێندكاری، ناوەندی (امورتربیتی) و ئیدارەی ئیتلاعات یان، بۆ سەركوت و چاودێری و جاسوسی لە دانشگاو مەدرەسەكان جێگیر كردوە كە سەرەڕای ئەو گشتە سەركوت و چەوسانەوەو شكەنجەو ئیعدامی لاوانی شۆڕشگێر، تێكۆشانی لاوان و خوێندكاران بەردەوامەو درێژەی هەیە. سازمانی خەبات داوا لە مامۆستایانی قوتابخانەو زانستگەكان و خوێندكاران لە كوردستان دەكات كە هەر وەك چۆن به زەحمەت و ماندووبوون درێژە بە وانە ووتنەوەو خوێندن و زانست گەشەی بیرتان و چالاكی و كاری ڕۆژانەتان دەدەن ، لە هەمانكاتدا بە هەستی بەرپرسایەتی لە حاست چارەنووسی ووڵات و نەتەوە، چالاكی و تیكۆشانتان بۆ كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی دیكتاتۆریی و دامەزراندنی حكومەتی دیموكڕاتیك لە ئێراندا پەرە پێ بدەن. گومان نیە كە ڕەنج و ماندوو بوونی ئێوە بۆ بردنە سەری زانیاری و هوشیاری و بەرزكردنەوەی پلەی خوێندواریتان، وە هەروەها بەردەوام بونتان لە شۆڕش و ڕاپەڕین و بەگژداهاتنەوەی ئاخوندە دیكتاتۆرەكان، چەند هۆیەكن كە بوونە مۆتەكە بە سەر ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرەوە. بێگومان ئاكامی هەوڵە زانست خوازیەكانتان و هەروەها خەبات و تێكۆشانی شۆڕشگێرانەتان بۆ بەربەرەكانی دیكتاتۆریی كە هاوتەریبە لەگەڵ شۆڕشی تێكڕای جەماوەری كوردستان و گەلانی دیكەی ئێران، كۆتایی بە دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی دێنێ و لە ئاكامدا ئەو شۆڕش وئازایەتیهی ئێوە و تێكڕای گەلانی ئێران، ئازادی و دیموكڕاسی لە ئێراندا جێگیر دەكاو گەلی كوردو گەلانی دیكەی ئێران بە مافە ڕەواكانیان دەگەن. سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ ی کۆچی خۆری