ماوەیەکە فیلمی ڤیدیۆیی بێ حیجابی ژنان لە شەقامەکانی ئێران بڵاوبووەتەوە، ئەمەش چەندین پرسیار و گومانی لەسەر سروشت و سیاسەتی ڕژێمی ئاخوندی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا دروست کردووە. هەمووان دەزانن پێشتر ڕژێمی ئێران بە توندی ڕووبەڕووی بێ حیجابی دەبۆوەوە و تەنانەت "پۆلیس و هێزی تایبەتی"بە مەبەستی سەرکوت ژنان دامەزراندبوو، بەڵام ئەو فیلم و دیمەنە نوێیانەی شەقامەکانی ئێران کە نیشان دەدا ئافرەتان حیجابیان وەلا ناوە،پێچەوانەی سیاسەتە توندەکانی ڕژیمە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ ئەمە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە بیروباوەڕی ڕژێمدا، یان تەنها نەرمییەکی کاتییە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک؟ ڕژێمی ئاخوندی، کە "خامنەیی بە وەلی فەقیھ" و بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی دەزانێت و هەموو پرسەکانی وەک دامەزراندن و چوونە زانکۆی بە باوەڕبوون بە شیعەی دوازدە ئیمامییەوە گرێ داوە، پشتیوانی لە هێزە توندڕەوە شیعەکان لە عێراق، یەمەن و لوبنان دەکات، دەکرێ باوەڕ بە گۆڕانکاری ئەرێنی لەم دۆخەدا لەو دەسەڵاتە چاوەڕوان بکرێت؟، ئایا ئەم ڕژێمە هۆی گەڕاندنەوەی ئازادی پۆشین و لیباس و فەراهەمکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد بۆ دانیشتووانەکەی، وەک ئەوەی لە ئەورووپاو لە جیهانی ئازاد بەرچاو دەکەوێت؟. بە دڵنیاییەوە، ڕژێم و دەسەڵاتدارانی باوەڕیان بە کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرە نییە و خوازیاری پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئاوایش نابن. ئەوەی ئێستا دەیبینین تەنیا خۆڵ لە چاوی خەڵکی ئێران و وڵاتانی دیکە کردنە و پیلانێکە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی نەگریسی خۆیان، وەک هەموو پیلانەکانی دیکەیان. ئەم نەرمی نواندنە لە هەندێک پرسی کۆمەڵایەتیدا، تەنها بۆ فریوکاریەو بە جۆرێک ترسە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و کەم کردنەوەی کاریگەریەکانی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. لە کاتێکدا لەسەر ئاستی یاسادانان و سیاسەتی گشتی، هەوڵەکان بۆ توندترکردنی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەردەوامن. ڕوونە پرسی ئازادی لە ئێران و کوردستان تەنیا لە ئازادیی حیجابدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو عەدالەتی کۆمەڵایەتی، باوەڕبوون بە مافی هەموو نەتەوەکانی دیکە، و چەندین پرسی تر، پرسە هەرە گرنگەکانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان بووە و هەیە. ئەگەر ڕژێمی ئاخوندی توانای ڕێنیسانسێکی دینی وەک وڵاتانی ئورووپای هەبوایە، کەواتە چۆن ژنان و کچانی وڵاتی بە بیانووی نەبوونی حیجاب لە زیندانەکاندا حەپس دەکرد و لە دادگا بێدادەکانی خۆیدا حوکمی زیندان و شەلاقی بەسەردا دەسەپاندن؟ لێرەدا ووشیاریی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە. خەڵکی ئێران و کوردستان دەبێت بزانن کە ئەم نەرمی نواندنە فریوکاریانە تەنیا پیلانە و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە. زۆر پرسی دیکەی بنەڕەتی هەن، وەک داڕمانی ئابووریی وڵات، گرتنی ڕەخنەگران و ڕۆشنبیران، و لەسێدارەدانی زیندانیان بە بیانووی جۆراوجۆر. ئەگەر ڕژێم توانای ئاڵوگۆڕی تێدا بوایە، دەبوو سەرەتا لەو لایەنانەوە دەستی پێ بکردایە کە دەستبردن بۆ چاکسازی لە هەر یەکێکیاندا بە واتای ڕووخان و لەناوچوونی خۆیەتی. بەپێی هەموو پێوەرەکان، ئەوەی ئێستا لە ئێران ڕوودەدات نیشانەی ڕێنیسانسێکی دینی و گۆڕانکارییەکی ستراتیژی نییە، بەڵکو وەک لە لە سەرتادا ئاماژەمان پێدا چەواشەکاری و نەرمی نواندنێکی فریوکاریانەیە بە ناوی چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان. لە کۆتاییدا دەڵەین دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافە نەتەوەییەکان، و ئازادییە مەدەنییەکان، لە چوارچێوەی سیستەمی ڕژێمی ئاخوندی مەحاڵە.



