لەمێژووی پڕ هەوراز و نشێوی گەلی کوردا، هیچ وشەیەک وەک "پێشمەرگە" هێندەی شکۆ و سەروەری و قوربانیدانی تێدا کۆنەبووەتەوە. پێشمەرگە تەنها وشەیەک نییە، بەڵکو سیمبولێکی نیشتمانییە بۆ بەرخۆدان، خۆڕاگری، ئازایەتی و گیانفیداییە. پێشمەرگە ناوێکە کە لەناو دڵ و گیانی تێکڕای کوردستانیان دایە.
وشەی "پێشمەرگە" بە واتای "ئەوانەی مەرگیان خستووەتە پێش خۆیان"، واتا ئەوانەی ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بکەن لەپێناو و نیشتمان و گەلەکەیاندا. ئەم وشەیە لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی بیستەمداو لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، بووە ناوی شۆڕشگێڕان و بایەخێکی مێژوویی وەرگرت. لەو کاتەوە، پێشمەرگە بوو بە هێزێکی ڕێکخراو کە ئەرکی پاراستنی گەل و خاکەکەی لە ئەستۆ گرت.
پێشمەرگە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە. لە بزووتنەوە چەکدارییەکان دژی ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان، هەمیشە لە سەنگەری پێشەوە بووە. کاتێک هیچ هێزێکی تر نەبووە پارێزگارییان لە خاک و نیشتمانب کردووەو لە شاخ و شارەکاندا، لە گوند و دەشتاییەکاندا، ئاڵای بەرخۆدانی بەرز ڕاگرتووە و نەیهێشتووە گیانی ئازادیخوازانە بمرێت.
ژیانی پێشمەرگە پڕە لە قوربانیدان و لەخۆبوردوویی. دوورکەوتنەوە لە خێزان و خۆشگوزەرانی، دوورکەوتنەوە لە ئاسودەیی و مانەوە لە شاخ و دەشت و ناوچە سەختەکاندا، خۆڕاگری لەبرابەر برسێتی و تینویەتیدا، ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ مەرگ لە هەر ساتێکدا. ئەوەی باسم کرد، بەشێکن لە ژیانی پێشمەرگە. بەڵام ئەوان سەرەڕای هەموو ئەو سختیانە شانازی دەکەن کە تێدەکۆشن لەپێناو ئامانجێکی پیرۆزدا.
جێگای سەرنجە لە سەدەی بیست و یەکەمدا، پێشمەرگە وەک هێزێکی کاریگەر لە جیهاندا دەرکەوتەوە، بە تایبەتی لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش. لەو کاتەدا کە هەموو جیهان تووشی شۆک ببوو لە دڕندەیی و وەحشیگەری داعش، پێشمەرگە بە کەمترین چەک و کەرەستە، بەڵام بە ورەیەکی پۆڵایینەوە، دیفاعی بێوێنەی کرد. ئەم بەرخۆدانە بووە جێی سەرسوڕمانی جیهان و ڕای گشتی، و ناوبانگی پێشمەرگەی لە جیهاندا بڵاو کردەوە.
ئەمڕؤ رۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ کۆچی خۆرییە، رۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لەو رۆژەدا پێشمەرگە قارەمان و دلێرەکانی سازمانی خەبات حیماسەییان خوڵقاندوو و رووبەڕوویی هێزی دوژمن خوێنڕێژ بوونەوە و توانیان بە ئازایەتی و گیانبازی هێزی گاردی جاویدان کە بە مەبەستی لەناو بردنی کورد، روویان کردبوە ناوچەکانی کوردستان، تێکبشکێنن.
بە نووسینی ئەم بابەتە دەرفەتێکم بۆ هاتە ئاراوە کە پیرۆزبایی ئەم رۆژە پیرۆزە لەپێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات بەتایبەت جەنابی کاک بابەشێخ بکەم کە هەموو ژیانی تەرخان کردووە بە نەتەوەو نیشتمانی پیرۆزمان کوردستان.
درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ، کە چراکانی ڕێگای ڕزگارین.
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان، کە پارێزەری شانازی و کەرامەتی گەلن.
بژی پێشمەرگە!
بژی کوردستان!



