ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی تهشکیلات بهبۆنهی١٠ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگهی سازمانی خهباتی کوردستانی ئێران
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
کوردستانیانی ئازیز! هۆگران و خۆشەویستانی ڕێبازی بێگەرد و نیشتمانپەروەرانەی سازمانی خەبات! مێژووی پڕ سەروەری نەتەوەی کورد، پڕە لەو لاپەڕە زێڕینانەی کە باس لە قارەمانیەتی بێوێنە و داستانە نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگە دەکەن. بە حەقیقەت، پانتاییەکی بەرچاو و پڕ لە شانازی لە گەنجینەی مێژووی گەلەکەمان تەرخان کراوە بۆ نەبەردی و خۆڕاگری پێشمەرگە. پێشمەرگە، ئەو ئینسانە خۆنەویست و نیشتمانپەروەرەیە کە بە گیانفیدایی و دڵسۆزییەوە چەکی هەڵگرتووە تا لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی و سەربەستی و ڕزگاری نەتەوەی کورد تێبکۆشێت و خەبات بکات. ئەو هەمیشە ئامادەیە گیانی خۆی بخاتە سەر دەست، وەک قەڵغانێک لەپێناو پاراستنی گەلەکەیدا. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانیش، وەک هێزێکی ڕەسەن و خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و قارەمانێتی و داستانە نەبەردییە کەم وێنەکان، بە شانازییەوە ڕۆژی 10ی خەزەڵوەری وەک ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات دیاری کردووە. لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی ئەو قارەمانێتییە دەکەینەوە و درود دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ڕەنجی ماندوونەناسانەی پێشمەرگە . گەلی قارەمانی کورد! خانەوادە سەربەرزەکانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی! ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە مەزن و پڕ لە قوربانیدانە دەکەینەوە، کە ڕژێمی ئاخوندیی دەسەڵاتدار لە ئێران لەوپەڕی داڕمان و لەناوچوونی دایە. ئەم ڕژێمە دزێوە، کە مێژوویەکی پڕ لە زوڵم و ستەمی هەیە، وەک پیشەی چەندین ساڵەی خۆی دژی خەڵکی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد، دوا پەلەقاژێ و هەوڵەکانی بۆ مانەوەی، ئێعدام و سەرکوت و زیندانیکردنی ئازادیخوازان گەیاندووەتە لووتکە. لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئێمە وەک تەشکیلاتی ناوخۆیی سازمانی خەبات، کە درێژەپێدەری ڕێبازی ڕەسەنی سازمانی خەبات و کوردایەتین، دڵنیاتان دەکەینەوە کە وەک هەمیشە، بە پتەوی و لەخۆبوردووییەوە، پاڵپشت و پشتوپەنای ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمانین. هەرچۆن تا ئێستا بۆ بەدیهێنانی مافی ڕەواو زەوتکراوی گەلەکەمان، سڵمان لە هیچ مەتەرسی و هەڕەشەیەک نەکردووەتەوە و بە ورەیەکی پۆڵایینەوە بەرەنگاری ئەم دوژمنە خوێنڕێژ و دژە مرۆڤە بووینەتەوە. ئێمە بەڵێن دەدەین کە تا گەیشتن بە مافە ڕەواکانی کورد و ڕزگارکردنی کوردستان لە چنگی داگیرکەران، و تا ڕووخاندنی تەواویەتی ڕژێمی ئاخوندی، بەردەوام بین لە شۆڕش و خەبات. ئێمە وەک پێشمەرگەکانی ناوخۆی سازمانی خەبات، لەم ڕۆژە پڕ بایەخ و گرینگەدا سڵاوێکی گەرم و برایانە دەنێرین بۆ سەرجەم پێشمەرگە خۆنەویستەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان. هەروەها درودێکی بێپایان دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان کە فیداکارییەکانیان چرای ڕێگای ئازادییە. ئومێد دەکەین بە هەوڵی هەمەلایەنە و خەباتی یەکگرتووانە و یەکڕیزی گەلەکەمان، بەرهەمی ڕەنج و فیداکاری پێشمەرگە و خوێنی گەش و سووری شەهیدانمان بەدی بێت. با ئێرانی ئازاد و کوردستانی ئازادو ئاوەدان ببنە نیشتمانی جێ متمانە و خۆشگوزەرانی تێکڕای دانیشتووانی ئێران و کوردستان. بەڵێن دەدەین کە تا سەرکەوتنی کۆتایی و ڕووخانی ڕژێمی ئاخوندی، بەردەوام بین لە شۆڕش و خەبات. سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد بڕووخێ رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی ئێران بژی کورد و کوردستان کۆمیسیۆنی تهشکیلاتی سازمانی خهباتی کوردستانی ئێران