مۆتەکەی پەرتەوازەیی و ستراتیژیی دوژمنە؛ کورد چۆن دەرفەتە مێژووییەکان دەدۆڕێنێت؟
ئەفسانە رەحیمی
کاتێک باس لە "دوژمنانی کورد" دەکەین، تەنها ئاماژە بۆ چەند دەوڵەتێکی دیاریکراو ناکەین، بەڵکو باس لە سیستمێکی هزری و سیاسیی قووڵ دەکەین کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر قەوارەیەکی کوردستانی. ئەم دوژمنانە، چ دەوڵەتە داگیرکەرەکان بن کە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی تواندنەوەی گەلی کورد دەدەن، یان گرووپ و میلیشیا توندڕۆکان کە بە ناوی ئایین و نەتەوەوە دژایەتی کورد دەکەن، هەموویان لە یەک خاڵدا یەکدەگرنەوە کە ئەویش نەهێشتنی کوردو بەربەست دروست کردن لە ڕێگەی مافی بڕیاردانی چارەنووسە بۆ گەلی کورد. مێژووی کورد شاهیدی ئەوەیە کە ترسناکترین چەکی دوژمن تۆپ و فڕۆکە نییە، بەڵکو سیاسەتی "ئاژاوە بگێڕێت ،پەرتکە و زاڵ بە"ـە. ئەوان بە وردی و بە پلان کار لەسەر دروستکردنی درز لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو هێزە کوردییەکان دەکەن و بە هاندانی خۆفرۆشان پشتیوانیی لۆجیستی بۆ لایەنێک دژی لایەنێکی تر، شەڕ دەخەنە نێو ماڵی کوردەوە، ئەمەش وا دەکات کورد وزەی خۆی لە ململانێی ناوخۆییدا سەرف بکات و توانای رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەری نەبێت. یەکێک لە مەترسیدارترین تاکتیکەکان لەم چوارچێوەیەدا، دروستکردنی هێزی "بەکرێگیراو" و میلیشیای کوردییە کە لە ڕواڵەتدا کوردن، بەڵام لە جەوهەردا داردەستی دوژمنن بۆ لێدانی بزافی ڕەسەنی ڕزگاریخوازی و تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی. کاتێک ماڵی کورد یەک دەنگ و یەک ڕەنگ نامێنێت، جیهانیش گوێی لێ ناگرێت؛ چونکە دوژمنان ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەک "بەڵگە" دەخەنە ڕوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا بیسەلمێنن کە کورد توانای بەڕێوەبردنی خۆی نییە و کێشەکانیان تەنها کێشەی خێڵەکی و ناوخۆیین، ئەم وێنە شێواوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بزوتنەوەی کورد لە خەبات بۆ"مافی نەتەوەیی"ـەوە بچووک ببێتەوە بە کێشەیەکی "ئەمنی ناوخۆیی"بیناسێنن و پشتیوانی و هاوسۆزیی جیهانی لەدەست بچێت. لەلایەکی دیکەوە، کاریگەریی ئەم دۆخە تەنها لەسەر سیاسەت نییە، بەڵکو دەروونی تاکی کورد دەڕووشێنێت. لە لایەکی دیکەوە کاتێک هاو نیشتمانیان، بە ناو سەرکردە دەبینن کە سەرقاڵی بەرژەوەندیی تەسک و قازانجی شەخسیە نەک ئامانجە باڵاکان، تووشی بێهیوایی دەبێت و متمانەی بە سەرکردایەتییەکەی نامێنێت، دوژمنیش زۆر زیرەکانە ئەم بێمتمانەییە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە دەوری دۆزی ڕەوای خۆیان سارد بکاتەوە. ئەنجامی کۆتایی ئەم ململانێیانە زۆر مەترسیدارە، چونکە لە کاتێکدا ناوچەکە بە گۆڕانکاریی خێرای ژئۆپۆلۆتیک تێدەپەڕێت، کورد بەهۆی پەرتەوازەییەوە ئەم دەرفەتە مێژووییانە لەدەست دەدات و لەبری ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆی جیهانی نەخشەی داهاتووی خۆی بکێشێت، دەبێتە قوربانیی نەخشەی وڵاتانی تر. بۆ دەرچوون لەم هەلومەرجە خراپە و پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان، "یەکڕیزی" تاکە بژاردەیە و مەرجی مانەوەیە؛ تێپەڕاندنی بەرژەوەندیی حیزبی و دانانی نەخشە ڕێگەی دروست بۆ"ئاسایشی نەتەوەیی،؛ تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی کورد وەک ئەکتەرێکی بەهێز مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بکات و خەونی لەمێژینەی خۆی بەدی بهێنێت.