شاندێکی سازمانی خەبات بە مەبەستی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی زەحمەتکێشان سەردانی مەکتەب سیاسی ئەو حیزبەیان کرد
رۆژی شەممە ١٣/١٢/٢٠٢٥، شاندێکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەیان کرد.
لە میانی دیدارەکەدا، شاندی میوان پەیامی پیرۆزبایی تایبەتی بەڕێز کاک بابەشێخ حوسەینی، سکرتێری گشتیی سازمانی خەباتیان گەیاندە بەڕێز کاک بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
بابەشێخ حوسەینی لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرم بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەیانەوە، هومێدی سەرکەوتنی زیاتر بۆ حیزبی زەحمەتکێشان هەبوو.
لەلایەن خۆیەوە، بەڕێز بەڵێن عەبدوڵڵا وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، سپاس و پێزانینی خۆی و سەرکردایەتی حیزبەکەی بۆ پەیامی پیرۆزبایی کاک بابەشێخ حوسەینی و سەردانی شاندی سازمانی خەبات دەربڕی.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانە و مێژوویی نێوان هەردوو لایەن کرایەوەو هەروەها پێداگری لەسەر گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە کوردستانییەکان دووپات کرایەوە.