جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!
گەلانی ستەملێكراوی ئێران!
كەس و كاری شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگەی ئازادی!
ڕۆژی ۲۶ی سەرماوەزی ۱۳۲۴ی كۆچی خۆری و ۲۶۴۵ی كوردی لە شاری مەهاباد ئاڵای كوردستان لە مەراسمێكی گەورەدا بە ئامادە بوونی پێشەوا قازی محەممەد و جەماوەرێكی بەچاوی لە تێكۆشەرانی كورد هەڵكرا.
پیرۆز بێت ڕۆژی ئاڵای كوردستان لە هاونیشتمانیانی كوردستان، لە تێكۆشەران و قارەمانانی سەنگەری كوردایەتی و ئازادیخوزای و لە خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و هەر كەسێك دڵی بۆ ئازادی لێدەدات و نەیاری ستەمگەرانە.
مێژووی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی و ئازادیخوزای گەلی كورد، دەیان یادو بیرەوەری گەورەو جێگەی شانازیی تێدایە كە چین و توێژو پێكهاتەكانی دانیشتووی كوردستان شانازی پێوە دەكەن و كردویانەتە بنەمای باوەڕ بەخۆبوون و پێداگربوون لە خەبات و تێكۆشان لە پێناو هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەكان.
لە كاتێكدا یادی ۸۰ ساڵەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەكەینەوە كە خەباتی گەلی كورد لە كوردستانی ئێراندا لە گەڵ كێشەو قەیران و هەلومەرجێكی حەستەمدایە، بە داخەوە هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان زیاتر لە هەوڵی خۆدەرخستن وگەیشتن بە ئامانجە حیزبیەكان و هەروەها كەمتر بایەخدان بە ئامانجە چارەنووس سازەكانی تێكڕایی جەماوەری كوردستانن و هەروەها هەل بۆ كەسانی قسە زل و بێ كردەوە دروست بووە خۆیان لە قاڵبی كەسایەتی بێ ناوەرۆك دەم بێننە پێش. جێگەی داخە لەوەها هەلومەرجێكدا كە جوڵانەوەی كوردستان توشی هاتوە هەم ڕژیمی ئاخوندی و بەكرێگیراوانی و هەروەها دارو دەستەو پاشماوەكانی دەسەڵاتی ستەمگەری حەمەڕەزا شا كەڵكی لێوەرگرن.
هەشتاد ساڵ لەوەو پێش کە ئاڵای كوردستان هەڵكرا، پەیامی سەرەكی ئەوە بوو کە كورد سەرلە هەندایەك و خەمخۆری وڵات بن و هەموو پێكەوە هەوڵ بۆ ئازادی بدەن و نەیاری دیكتاتۆری و ستەمگەران بن. جێگەی دڵخۆشیە زۆربەی دانیشتوانی كوردستان و بە تایبەت كچان و كوڕانی خوێن گەرم و نیشتمان خۆشەویست پەیامی سیاسی و فەلسەفی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیان لە شاری مەهاباد وەرگرتوەو بە هەر شێوەیەك كە بتوانن خزمەت بە كوردو كوردستان دەكەن.
بە ناوی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران سڵاو درود دەنێرم بۆ هەمووو تێكۆشەرانی ڕێگەی ئازادی كوردستان و ئێران و بە بۆنەی یادی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان پیرۆزبایی پێشكەش دەكەم.
دڵنیام كە ڕژیمی ئاخوندی دەڕوخێ و خەباتی دیموكراسی خوازی گەلانی ئێران سەركەوتوو دەبێ و ئاڵای كوردستان لە شارو دێ وەڵات دەشەكێتەوەو ئامانجە ڕەواكانی گەلی كورد وەدی دێت.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
۲۵ی سەرماوەزی ۱۴۰۳ كۆچی خۆری



