بەشداری کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات لە رێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان ۸۰ هەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان
رۆژی شەممە، ١٧ یانواری ٢٠٢٦، شاندێکی کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کە پێکهاتبوو لە کاک عومەر کەریمی و سارۆ حوسەینی، بەشداری لە رێوڕەسم و سیمینارێک کرد کە بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ۸۰ هەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان رێکخرابوو.
شاندی کۆمیتەی نۆروێژ، برووسکەی پیرۆزبایی و چەپکە گوڵیان پێشکەش بە کۆڕەکە کرد و پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات لەلایەن سارۆ حوسەینی پێشکەش کرا.
لە پەیامی کۆمیتەی نۆروێژدا باس لە ناوازەیی کۆماری کوردستان کرا و وەک نموونەی دەسەڵات و بەرێوەبەریی دیموکراتی بۆ وڵاتان و نەتەوەکانی ناوچەکە ئاماژەی پێدرا. دەستکەوتە مەزن و مێژووییەکانی کۆمار بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی رزگاریخوازی کوردستان بەرز نرخێندرا و یادی تەواوی ئەو شەهیدانەش بەرز ڕاگیرا کە بە گیان و خوێنی پیرۆزیان رێگە خۆشکەری هێنانەدی ئەو ئامانجە بوون.
پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دیموکرات و ژمارەیەک حیزب و لایەنی مەدەنی و سیاسی بەشێک لە بەرنامەکانی رێوڕەسمەکە بوون. لە پانێڵێکی تری رێوڕەسمەکە دا، سیمینارێک تەرخان کرابوو بۆ کاک هاشم رۆستەمی. هەروەها چەندین سروودی نیشتمانی پڕ جۆش و خرۆش پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە کۆتایی بەرنامەکاندا شاندی کۆمیتەی نۆروێژ دەستخۆشی و ماندوونەبوونیان پێشکەش بە کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرد، کە ئەرکی بەڕێوەبردن و رێکخستنی رێوڕەسمەکەیان لە ئەستۆدا بوو.



