چاوپێكەوتنی شاندێكی ناوەندی دیالۆگی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە گەڵ شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان
لە سەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان و بە هاوکاری و بەشداری رێکخراوی هەنگاو، شاندێكی نوێنەرایەتی ناوەندی دیالۆگی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژی سێشەممە رێكەوتی ٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٦ سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیان لە بێرلین كرد و لە گەڵ شاندێكی پایەبەرزی ئەو وەزارەتخانەیە چاوپێكەوتنیان كرد.
لەم كۆبوونەیەدا بابەتگەلی جوراوجوری پێوەندیدار بە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تاوتوێ كران. نوێنەرایەتی ناوەندی دیالۆگ باسێكی تێروتەسەلی سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و هەلومەرجی كوردستان پێشكەش كرد و وێڕای ئاماژەدان بە خوپێشاندانەكانی ئێران و كوردستان، قەڵاچۆكردن و قەتڵ و عامی خوپێشاندەرانی لە لایەن هێزەكانی رێژیمی ئێرانەوە بە جەنایەت دژ بە مرۆڤایەتی ناوبرد. هەروەها لەسەر پێگە و ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان لە كوردستان بەتایبەتی سەرکەوتنی مانگرتنی گشتی كە لە سەر داوای ناوەندی دیالۆگ بەڕێوەچوو، باسیان لەوە كرد كە خەڵكی كوردستان پاڵپشتی سەرەکی حیزبەكانیانن و لە كوردستان ئامادەیی تەواو بو هاتنە ئارای هەر چەشنە سێناریویەك هەیە.
شاندی خانەخوێ وێڕای بەداخبوونی بو قەڵاچۆی خەڵكی ئێران و كوردستان، باسیان لە گرینگی دیدارە کرد و جەختیان كردەوە كە رێژیم لە هەموو بارێكەوە بە بونبەست گەیشتووە و توانای خۆدەربازکردنی لەو دۆخە نەماوە. هەر لەم پێوەندیەدا دامەزران و چالاکیەکانی ناوەندی دیالۆگیان وەك دەستکەوتێکی سیاسیی گرینگ بۆ كوردستان و ئادرەسێکی گونجاو بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەرز نرخاند و ئامادەیی خویان دەربڕی لەمەودوا وەك نوێنەرایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەشێكی بەهێزی بەرهەڵستكاری رێژیمی ئێران هەڵسەوكەتی لە گەڵ بكەن و بەردەوام بن لە دیدار و چاوپێکەوتن. هەروەها هیوایان خواست ئەم ناوەندە ببێتە هاندەر و نموونە بۆ حیزب و لایەنە ئێرانییەکان.
لە دوابڕگەی كۆبوونەوەكەدا شاندی ناوەندی دیالۆگ چەند داواكاری هێنایە بەر باس كە شاندی وەزارەتی دەرەوە داواكاریەكانیان بە هێند وەرگرت و بەڵێنیان دا كار بو سەرخستنیان بكەن.
پاش زیاتر لە یەك كاتژمێر نیو باس و وتووێژ شاندی خانەخوێ سوپاسی شاندی نوێنەرایەتی ناوەندی دیالۆگیان كرد بو چاوپێكەوتنەكە و داواكار بوون كە لە پێوەندی بەردەوامدا بمێننەوە.
شایانی باسە لە دیدارەکەدا هەڤاڵانی رێکخراوی هەنگاو وێڕای پاڵپشتی لە ناوەندی دیالۆگ، راپۆرتێکی تێرو و تەسەلیان لەسەر دۆخی ئێران و کوردستان پێشکەش کرد.



