پەیامی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی سازمانی خەبات لە ناوخۆیی کوردستان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی هێزە سیاسییەکان
بە بۆنەی یەکگرتنەوە و نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ئێمە وەک بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی سازمانی خەبات لە ناوخۆیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی و پێزانینی فەرمیی خۆمان پێشکەش بە سەرکردایەتی و ئەندامانی ئەم لایەنانە دەکەین:
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ئەم یەکگرتنەوەیە، هەنگاوێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگە لە ڕێڕەوی یەکخستنی ووتار و هەوڵە سیاسییەکان، هەروەها پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانییە لە پێناو پاراستنی ماف، ئازادی و خواستە ڕەواکانی گەلی کورددا.
وەک بنەماڵەی شەهیدان کە ئازیزترین کەسەکانمان لەم پێناوەدا بەخشیوە، باوەڕی نەگۆڕمان وایە کە یەکگرتن و هاوکاریی نێوان هێزە نیشتمانییەکان، بنچینەییترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ڕزگاری، دادپەروەری و بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلەکەمان.
لە کۆتاییدا، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ ئەم هەنگاوە پیرۆزە دەخوازین و لێرەوە پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ هەر بڕیار و هەڵوێستێک ڕادەگەیەنین کە خزمەت بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد بکات.
بنەماڵەی شەهیدانی سازمانی خەبات



