پێنج پارتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٣ی ڕەشەمەی ٢٠٢٦ لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا، پێکهێنانی هاوپەیمانییەکیان لە ژێر ناوی ”هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران“ ڕاگەیاند. لە سەردەمێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێراندا ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی بەرفراوان ڕوودەدەن و گوشارە جیهانیەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە زیادبووندایە، دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە زۆر گرنگە و هەنگاوێکی پیرۆزە. وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە گەرمی پێشوازی لەم هاوپەیمانییە دەکەین و پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگەرانی هەر پێنج پارتەکە دەکەین.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران، لە درێژەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا و بە تایبەتی لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕاپەڕینێکی گەورە و جەماوەری روویان داوە و هەتا ئێستاش بەردەوامن. سەرەڕای کوژران، بریندار بوون و زیندانی کردنی دەیان هەزار کەس، ڕاپەڕین هێشتا بەردەوامە. هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزێکی سەربازی گەورەی هێناوەتە ناوچەکە و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات. هەرچەندە گفتوگۆ و کۆبوونەوە لە نێوان هەردوولایەندا لە ئارا دایە، گریمانەی هێرش بۆ سەر ولاتی ئێران هێشتا لە ئارا دایە. ئێران و بە گشتی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکاریی گەورە دان. دۆخەکە سەرەڕای ئەوەی مەترسی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەڵام دەتوانێت دەرفەتی جیاوازیش لەگەڵ خۆی بەرهەم بێنێت، بۆیە دەبێت گەلەکەمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بێت!
لەم کاتە هەستیارەدا یەکگرتوویی نێوان ماڵی کوردی و بە تایبەتی هێزە سیاسییەکانی کوردستان زۆر گرنگە و ئەرکێکی ژیانییە. لەم کاتەدا دامەزراندنی ”هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران“ هەنگاوێکی جێگای خۆشحاڵی و پێشوازی لێکردنە. هیوادارین لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دەرەوەی ئەم هاوپەیمانییەدان بتوانن جێگەی خۆیان لە هاوپەیمانییەکەدا بگرن. کەنەکە هەموو هەنگاوێک کە ببێتە مایە یەکڕیزی نێوان گەلی کورد بە گرنگ دەزانێت و پێشوازی و پشتیوانی لێدەکات.
هیوادارین ئەم هەنگاوە کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتوویانەتە بەر، ببێتە بەشێک لە یەکێتی نەتەوەیی لە سەرتاسەری کوردستاندا و هەروەها خزمەت بە کۆنفرانسێکی نەتەوەیی گشتگیر بکات لە کوردستان.
بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە ”هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران“ دەکەین و هیوای ئازادی و سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازین.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە
٢٦-٠٢-٢٠٢٦
برۆکسل



