خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان!
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی بە مووشەک و درۆن بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووەتە. ئەم هێرشانە شەهیدبوونی جەلال ڕەشیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی ئەم حیزبە و هەروەها پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە. هەروەها لە نێوخۆی کوردستانیش لە چەند شارێک بەهۆی بۆردومانەکانەوە کۆمەڵێک کەسی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید جەلال ڕەشیدی و پارتی ئازادیی کوردستان، هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەو شەڕەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هەڵیگیرساندووە، ڕادەگەیەنێ:
هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشانەی زەبوونی و ترسی گەورەی کاربەدەستانی ڕێژیم لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێرانە، نەک هەنگاوی خەبات و بەردەوامیمان پێ شل ناکا، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ خەبات و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات.
هەروەها جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە کاتێکدا ڕێژیم هێزەکانی خۆی لە مزگەوت و قوتابخانەکان مۆڵ داوە و کۆبوونەوە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی لە ناوەندە ئیدارییەکاندا بەڕێوە دەبا، پێویستە بە زووترین کات لە بنکە سەربازی و ناوەندە ئەمنیەتی و ئیدارییەکانی ڕێژیم دوور بکەونەوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
١٣ ی رەشەمەی١٤٠٤



