شه‌ممه‌ 

19 گوڵان2726
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار
هاوپه‌یمانیی هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی ئێران

 کرێکاران هێزی گۆڕان و خەباتن.

ڕۆژی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و سیمبۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌ به‌رامبه‌ر به‌و سیستمەی که‌ نان، کار، کەرامەت و ئازادیی مرۆڤ ده‌کاتە‌ قوربانیی قازانجپەرەستی و ده‌سه‌ڵات. ئەم ڕۆژە، هێمای ڕاپەڕینی ڕەنجدەرانە دژی مافخواراوی و چەوسانەوە. بۆ کرێکارانی کوردستان، ئەم یادە تەنها ڕەهەندێکی پیشەیی و ئابووری نییە، بەڵکوو خەباتێکی مێژووییە دژی ستەمێکی چەند لایەنە. کرێکاری کورد لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەندیدا، تەنها قوربانیی سیستەمێکی ئابووریی نادادپەروەر نییە، بەڵکو بە هۆی "داگیرکراوبوونی نیشتمانەکەی" و "سیاسەتی بە ئەنقەست هەژارکردنی کوردستان"، لە ناو جەرگەی پەراوێزخستنێکی سیاسی و ئابووریدایە. قه‌یرانی ئابووری و دۆخی کرێکاران‌ ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی سروشتی سیاسیی کۆماری ئیسلامییه‌. حکوومه‌تێک که‌ ئازادیی ڕێکخستن قبووڵ ناکات، مانگرتن ده‌کاته‌ بابەتی ئه‌منی، چالاکانی کرێکاری ڕاده‌کێشێته‌ بەناو دادگای شۆڕش و هه‌ر داواکارییه‌کی سه‌ندیکایی به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌بینێت. له‌ کۆماری ئیسلامیدا، هەموو چینی زەحمەتکێش له‌ کرێکاری کارگه‌وه‌ تا مامۆستا، په‌رستار، خانه‌نشین، کرێکاری ژن، کرێکاری ناڕه‌سمی، کۆڵبه‌ری کورد و سووته‌مه‌نیهه‌ڵگری به‌لووچ، هه‌موویان به‌ شێوازی جۆراوجۆر ڕووبه‌ڕووی ڕواڵەتی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی دژه‌ کرێکار و دژه ‌مرۆڤی ئێران دەبنەوە. لە ڕوانگەی هاوپەیمانییەوە دادپەروەری بۆ چینی چەوساوەی کوردستان بە توندی گرێدراوی ڕزگاربوون لە ژێر چنگی داگیرکەری و ستەمی سیاسییە. لە کوردستان ڕزگاریی نیشتمان خاڵیکی یەکلاکەرەوەیە لە ڕەخسانی دەرفەت و ڕۆشتنی چینی کەمداهات و هەژار بەرەو ڕزگاری لە ستەمی چینایەتی و گەیشتن بە ژیانێکی شیاو. کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر بە درێژایی دەسەڵاتی سامانی کوردستانی تاڵانکردووە و بە سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستاندا بووەتە هۆکاری کاوڵکاریی ئابووریی، بەڵکوو ئێستا زیاتر لە هەمیشە داهاتی گەلانی ئێران دەکاتە سووتەمەنیی ئاگری شەڕە هەرێمییەکان و خەرجی گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا.

ئەم شەڕخوازییەی ڕژێم ئاکامی کارەساتباری بۆ سەر کوردستان و بەتایبەت خەڵکی کەمداهات و چینی هەژاری کۆمەڵگا هەبووە، سامانێک کە دەبوایە خەرجی ئاوەدانی و بووژانەوە ئابووری بکرایە کە دەرفەتی ژیانێکی باشتری بۆ کرێکارانی کوردستان دەبوو خەرجی شەڕ و تیرۆریزم کراوە و باری قورسی کەوتووەتە سەرشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەو بڕوایەدایە کە داهاتووی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری، ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی بونیاد بنرێت. تەنها لە سایەی سیستمێکی سیاسیی دوور لە شەڕ و ستەمدایە کە دەرفەتی یەکسان و ژیانێکی شایستە بۆ چینی چەوساوە دەستەبەر دەبێت. ڕزگاریی ئابووریی ئێمە، گرێدراوی کۆتاییهێنانە بەو ٤٧ ساڵە لە شەڕ و سەرکوت کە کۆماری ئیسلامی وەک ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆی بەکاریهێناوە. بۆ هێنانەدیی دادپەروەری، پێویستە کوردستان لە مۆڵگەیەکی سەربازییەوە بکرێتە ناوەندێکی ئاوەدانی و ئاشتی. هاوپەیمانی دژی چەوسانەوەی چینایەتی و هەرچەشنە چەوسانەوەیەکی مرۆڤ لە لایان مرۆڤەوەیە و خوازیاری گەڕاندنەوەی حورمەتی ئینسانی بۆ تاکی کوردە. پێویستە چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و چەوساوەکانی کوردستان، ئەم یادە بکەنە هەوێنی یەکخستنی دەنگەکان دژی ئەو سیستەمە سیاسی و ئابوورییەی کە مافی ژیان و گوزەرانی شایستەی لە خەڵکی کوردستان زەوت کردووە. کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان و خوێندکاران و هەموو ئەوانەی حکوومەتی ئێران بووەتە هۆی بێمافی و چەوسانەوەیان لە کوردستان سەرچاوەی هێزی جەماوەری دژی حکوومەتی چەوسێنەری کۆماری ئیسلامین. تێکۆشانی ئەمڕۆ و داهاتووی ئێمە بۆ گەیشتن بە سیستەمێکی کارامەی ئابوورییە کە بە بەکارهێنانی دروستی سامانی وڵات و دامەزراندنی ژێرخانی ئابووریی بەهێز و ڕێکخستنی ڕێوشوێنی گونجاو و پێشگرتن لە قۆرخکاریی و چاوچنۆکیی کۆمپانیا ئابوورییەکان، ئاستێکی بەرزی ژیان و، گوزەرانی بەختەوەرانە و دوور لە هەژاری بۆ هەموو چین و توێژەکان دابین بکات. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە ڕیزەکانی نەتەوەکەمان بەرەو ڕزگاری و کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی سیستماتیک ڕێکبخات. یەکگرتوویی، کلیلی سەرکەوتن و گەیشتنە بە مافە ڕەواکانمانە.

بژی هاوپشتیی کرێکاران و مافخوازانی کوردستان

شکۆدارە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

2026-05-01

7 ڕۆژ و 14 کاتژمێر و 15 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران