ووشک کردنی مەرەکەبی پێنووسەکان مانیفێستی شکستی فکریی دەسەڵات
ئەفسانە رەحیمی
لە فەرهەنگی سیاسیی سیستەمە تۆتالیتارەکاندا، "وشە"ی رەخنە مەترسیدارترین چەکەو نووسەران گەورەترین دوژمنن. ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ هەڵدەداتەوە:کە باس لە شەپۆلێکی نوێی سەرکوت و ڕەشبگیریی نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی لە ئێران دەکات. ژمارەی بەندکراوەکان گەیشتوونەتە حاستی سەردەمی شۆڕشی ژینا. ئەوە تەنها ئامار نییە، بەڵکو بەڵگەی شکستی فکریی ڕژیمێکە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی مەنتیقی نییە و تەنها لە ڕێگەی زیندان و ئیعدامەوە وەڵامی ڕۆشەنبیران دەداتەوە.
بەپێی ئامارەکان، تەنها لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ١٧ نووسەر و کەسایەتیی فەرهەنگیی، ڕەوانەی زیندان کراون. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە سەرکوتەکە تەنها نووسەرانی سیاسی ناگرێتەوە؛ بەڵکو شاعیران، وەرگێڕان، لێکۆڵەران و تەنانەت ترانەبێژانیش کراونەتە ئامانج.
ئەوە تیرۆری فکریی سیستماتیکە؛ هەوڵێکە بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی ڕۆشنبیری و کوژاندنەوەی ئەو مۆمانەی کە تاریکیی ئێستایان ڕەت کردووەتەوە.
رژیمی ئێران دەیەوێت هەموو دەنگێکی سەربەخۆ کپ بکات. کاتێک شاعیرێک یان وەرگێڕێک دەخرێتە زیندان، مەبەست تەنها سزادانی تاک نییە، بەڵکو پەیامێکی ترساندنە بۆ هەموو کۆمەڵگە. ڕژیم دەیەوێت پێمان بڵێت: بیرکردنەوە
قەدەغەیە!
رژیمی ئاخوندی هەڕەشەی دەرەکی وەک
چەترێک بەکاردێنێت بۆ زیاترکردنی فشارەکانی لە ناوخۆدا. هەرکاتێک دەنگی دەهۆڵی شەڕ لە سنوورەکان بەرز دەبێتەوە، لە ناوخۆدا پەتی سێدارە ئەستوورتر دەبێت و میلەکانی زیندان توندتر دەکرێن. ئەمە باروودۆخێکی مەترسیدارە کە ئامانج لێی کپکردنی ئەو دەنگانەیە کە ڕەخنە لە سیاسەتە ماڵوێرانکەرەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەگرن.
تۆمەتە باوەکانی وەک پڕوپاگەندە دژی نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی یان پەیوەندی لەگەڵ موساد بوونەتە کڵێشەیەکی بێمەعنا کە تەنها بۆ شەرعییەت دان بە ڕەفتارە غێرە قانوونیەکانی دادگا بەکاردێن. نووسەرێک کە تەنها چەکەکەی قەڵەمەکەیەتی چۆن دەتوانێت تەقە لە ئەمنییەتی نەتەوەیەک بکات؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمنییەتی نەتەوەیی لای رژیمی ئێران، تەنها بە واتای ئەمنییەتی دەسەڵات دێت.
ئەم گیران و زیندانی کردن و ئیعدام کردنە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
بێدەنگی لە بەرامبەر زیندانیکردنی هزری کۆمەڵگە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئینسدادێکی فەرهەنگیی تەواو. کۆمەڵگەیەک کە نووسەر و شاعیرەکانی لە پشت میلەکانی زیندان بن، کۆمەڵگەیەکی بریندارە کە پێویستی بە پشتیوانیی جیهانی هەیە.
جەماوەری کوردستان و ئێران ئێمە وەک تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی لە ناو ڕیزەکانی سازمانی خەباتدا، دەزانین کە زنجیرەکان هەرچەندە قورس بن، ناتوانن باڵی فڕینی ئازادی ببەستنەوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە ڕژیمەکان دەڕۆن، بەڵام
وشەی نووسەران و خوێنی شەهیدانی ڕێگای هزر، دەبنە هەوێنی ڕزگاریی نەتەوەیەک.



