شه‌ممه‌ 

6 گه‌لاوێژ2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

ئه‌بوبه‌کر چه‌کوشه‌یی

ئه‌بوبه‌کر چه‌کوشه‌یی
ناوه‌ندی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات

یادی سەروەران
سەروەی گەل شەهید  ئەبوبەكر موحەممەدی ناسراو بە ئەبوبەکر چەكوشەی 


هەر چەندیی كوردستان دەخەملێ و هەر چەندیی دیمەن دەڕەنگێ. هەرچەندیی گوڵ دەگەشێنەوە، و هەر چەندیی چیمەن دەڕازێنەوە، هەر چەندیی كەژوكێو دەبنە پەلكە حۆری، چەندیی گرد گلكە دەبنە تۆپە گوڵ، چەندیی جۆگە و جۆبار دەبنە بەرۆكی زیوین بە بەرۆكی كەژ وكێودا، چەندیی سوورە بەڵەكی نوالامان دەیبینن كە شەبەقی زیندوان لە قۆپنەی هەڵزجار و مەندی جاران دەداو ڕەنگی وانیش زیندوان سپات دەكات. هەر چەندی بولبول دەخوێنن و خوێن لە دڵی گوڵ دەزێنن، هەرچەندی قاسپەی بەر بەیانی كەوان خەوی شوانی شەوێن دەڕەوێنێ و باوێشكیان دەتارێنێ، چەندی شەنگە بێری بە گوڵینگەی توربینیان ئاگری دڵی ئەوینداران دەگەشێننەوەو بەخرینگەی هەیاسەیان،خورپە دەخەنە دلێ دڵدارانەوە و بە لەنجەولاریان بەندی دڵان دەشكێنن، چەندی گۆڕستانی كوردستان دەبنە بەهەشتی سەر زەوین. چەندیی گوڵان باڵایان بەباڵای كێلان دەپێون و لاولاو پشتێنی كەسك لە كێلی وەجاغزادان دەبەستن. چەندی کۆڕی هەڵاڵە گەڕان گەڕی گۆڕی شەهیدان، كۆڕی شین دەبەستن وخۆڕا دەژێنن و بەشەرمەوە فرمێسك دەڕژێن، چەندیی نیازداران ڕێچكە دەخەنە ناو گۆرستان بەرەو چاك وپیران، چەندی چاومان لە هێزی داگیركەرە كە گوڵزاری كوردستانمان لێ پێشێل دەكات، چەندیی قیسپی ئاسن دەبینین كە پەرژینی تەلدڕویان ڕاگرتووە، كەڕێمان نەبێ بچینە ناو نیشتمانی خۆمان، چەندیی گوێمان لە دەنگی تۆپ و بۆمب و ناپاڵم دەبێ كە زماندارو بێزمانی وڵاتەكەمان دادەچڵەكێنێ، چەندی خوێنی ڕژاو و مێشكی پڕژاوی هاونیشتمانەكانمان دەبینین كە لەسەرخاكی خۆیان بەناڕەوا ڕژاون وپڕژاون، چەندی دایكانی جەرگ سووتاو و باوكانی پشت شكاو دەبینین كە ڕۆڵەی شیرینیان ڕۆیشتووە و هاتنەوەی نییە، چەندی ژنانی ڕووسووری ڕەنگ زەرد دەبینین كە بەتەنیا بەسەر هێلانەی بێچوە ساوایانەوە مانەوەو دەروو ژوور دەكەن و بەڵام هەواڵێك لە هەڤاڵی خۆشەویستیانەوە نابیستن. چەندی پێڕۆكان دەبینین كەسەری زمان و بنی زمان بابەیەو، بەڵام مەگەر لە خەودا بچنەوە باوەشیان و ڕومەت بە ڕومەتیانەوە نێن، چەندی بەندیخانەكان دەبینین كە لە تێگەیشتووە ئازادیخوازەكان پڕن و لە داد و بەزەیی چۆڵن، چەندی لە داری قەناری دەڕوانیین كە گیانی سەربەرزانی پێڕا هەڵدەچێ، بۆ بارەگای یەزادنی دادگەر و خودای چەوساوەكان، چەندی سینگی پڕ باوەڕ دەبینین كە بەرانبەر پیاو كوژانی بێ باوەڕ گیراون، كە بە گوللە ئاگر لە باوەڕیان بەردەن، چەندی گەمارۆی نیزامی و ئابوری دەبینین كە پەلە قاژەیی لە خەڵك بڕیوە و بێ هێزوتینی كردوون. چەندی پاسداری بەد ڕەفتار دەبینین كە بە چاوی شمرو یەزید دەڕواننە خەڵكی و ڵاتەكەمان. چەندی ئاخوندی وڕێنە پەرەست دەبینین كە دەیانهەوێ بە فێڵ گەوهەری ڕاستی بە مووروە كەرانە لە دەست خەڵكی وڵاتەكەمان دەربێنن. چەندی دەڕوانین و دەبینین كە دژمن دژمنە و هەر بە دۆست نابێ، هەر چەندی ئەو سەوزو سوورو زەردو واڵایە دەبینین و ئەو هەموو ستەم وبێ داد وناڕەوایە دەبینین، ئەی شەهید! ئەی مردوویی بە نرختر لە زیندوو ت مان لا بەنرختر دەبێت و خوێنی ڕژاوی تۆمان بە جێتر دێتە بەرچاو. هەتا ئەو نیشتمانە جوانە پڕ لە بژێو وجێ ژیانە دەبینین و ئەو هەموو ناهومێدی و هەناسە ساردیەی گەل دەبینین، ڕێگەی تۆمان چاكتر لەبەرچاو شیرینە و مەرگی وەك مەرگی تۆمان پێ چاكتر لە ژینە. دەزانین تۆ ئەركی خۆت بە جێ هێناو مەرگی پڕ لە شانازیت بۆ خۆت وەدی هێنا، ڕێی ڕاستت گرت و تازە هەڵە ڕوو لە تۆ ناكات ئەو دێڕە تۆ بە خوێنی خۆت كێشا. ڕاستە ڕێگەیە بۆ ژیانی بەسەر بەرزی و مەرگی پڕ لە شانازی. خۆشی بۆ شەهید بۆ ئەویندارانی شەهید، خۆشی بۆ هەڤاڵی شەهید و بۆ ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدی ڕێی ڕاست، ڕێی خەبات و موبارەزەیە كە قارەمان باردەهێنێ و بە خوێنی شەهیدان، مێژووی پڕ لە شانازی دەڕەنگێنێ. سەر بەرزی بۆ سازمانی خەباتی خوێناویە كە لە بەنرخترین كوڕی كوردستان هێزی قارەمانێتی پێك هێناوە و كاروانی شەهیدانی بەرەو بەهەشتی شەهیدان بەڕێ كردووە و پسانەوەی نابێ تاسەركەوتن. جا باسی كامیان دەكەی كە یەكەو هەڵكەوتوو نەبێ، سەر گوزەشتەی كامیان لەسەر گوزەشتەی ڕوستەمی دەستان دەمێنێتەوە. بەڕاستی لە هەرچی دەدوێی و پێی هەڵدەڵێی دەبینی ناگەیە داوێنی لێهاتوویی، تا ئێستا چیمان باس كردبێ هەڵكەوتوو ناو دەركەوتوو نەبوبێ؟
باسی جوتێ شۆڕە سواری مەیدانی خەبات وگیانبازی دەکەین کە ڕوناکی باوەڕیان چۆڵە چرای شۆڕشگێڕان بوو، دوو قارەمانی لە خۆ بردوو کە لە پاکی و ڕاستیدا کەم وێنە بوون.
شۆڕە سوارە كاك ئەبوو بەكری محەممەدی ناسراو بە(ئەبوبەكر چەكوشەی) كوڕی محەممەد لە دێی چەكوشەی ناوچەی گەوركی سەقز لە ساڵی 1342دا لەبنەماڵەیەكی ڕەنجدەر لە دایك بوو. چەند ساڵێكی خوێندنی سەرەتایی خوێند، پاشان بۆی نەكرا كە درێژە بەخوێندنی بداو لەگەڵ كەسووكاری خەریكی كشتوكاڵ بوو.

لە زستانی 1358هاتە ڕیزی هاوباوەڕانی سازمانی خەباتەوە، ماوەی دوو ساڵ و پێنج مانگ پێشمەرگایەتی كرد پاشان لەبەر هێندێك گیروگرفتی خێزانی چووەو ڕیزی پێشمەرگایەتی بە جێهێشت، بەڵام لەسەر باوەڕی خۆی جێگیربوو و پەیوەندی بە سازمانی خەباتەوە نەپچڕی و نزیك بە سێ ساڵ خەریكی كاری ژیان بوو، ئەو ماوەیە دڵی هەر لە لای هاوباوەڕانی بوو، تا لە 5 ی سەرماوەزی 1364دا هاتەوە ناوڕیزی پێشمەرگایەتی و چەكی خەباتی لە سازمان دا هەڵگرتەوە و بە ئیمانێكی پتەوترو بڕیاری لێبوردوانەوە دەستی كردەوە بە كار لە مەڵبەندی 3ی سازماندا و دوای ماوەیەك بوو بە فەرماندەی لقی شەهید تەها سوور. شەهید ئەبوو بەكر لە جەنگەكانی زستانی ١٣٥٨و بەهاری ١٣٥٩ لە كامیاراندا چەند مانگێك هاوبەشی كردو هەروەها لە جەنگەكانی ساڵی ١٣٥٩ و ١٣٦٠ لە ناوچەی بانە و بۆكان بەشدار بوو.
پێشمەرگەیەكی ئازاو لێهاتوو بوو شەهید ئەبووبەكر كە زۆر جێگەی هیوای شۆڕش و ورەی ئاواڵان بوو بە داخێكی گرانەوە لە بەیانی ١٣٦٥/٤/٧ دا لە شەڕێكی چەند ساعەتی دا كە لە پشت دێی ساڵوكی ژوورووی ناوچەی بانە كرا، دژمن زیانێكی زۆری لێكەوت، بە گوللەی تۆپی سەدو شەش، لەگەڵ هەڤاڵی عەبدوڵا نستانی پێکراو گیانی فڕی بۆ کۆڕی شەهیدان، تەرمی پیرۆزی لە گۆرستانی ساڵوكی خواروو لەناو كۆڕی گۆڕی شەهیدانی سازمانی خەبات نێژرا.

 شەهید ئەبوبەكر چەكوشەیی پێشمەرگەیەكی لەخۆ بردوو چاونەترس بوو. بە داخێكی گرانەوە لە بەیانی ٧ی /پووشپەڕی/ ١٣٦٥ لە پشت ئاوایی ساڵوكی ژووروو لەناوچەی بانە لە گەڵ هەڤاڵێكی تێكۆشەری بە ناوی شه‌هید عبدوڵا نستانی بە تۆپی سەدو شەش پێكراو گیانی بە ئیمانی فڕی بۆ ناو هەڤاڵانی لە بەهەشتی شەهیدان و تەرمی پیرۆزی هەر دووك لاوی قارەمان لە گۆڕستانی ساڵوكی خواروو لەناو كۆڕی گۆڕی شەهیدانی سازمانی خەبات نێژران و چونە لای براكانیان شەهید جەماڵ عەبباسی و شەهید عابید فەیزیان و شەهید ئەمیر مەریوانی و ئەستێرەی 5پەڕی شەهادەتیان پێك هێنا.
هەزاران سڵاو لە گیانی پڕ لە ئیمانیان


9 ساڵ و 9 مانگ و 3 ڕۆژ و 28 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

شه‌هیدان
شه‌هیدان
ناوه‌ندی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات
ناوه‌ندی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران